رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای ئیستەنبووڵ وردەکاریی ئاگرکەوتنەوەکەی ئیستەنبووڵی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و چوارەمیان لە چاودێریی چڕە.
پارێزگای ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025، کاژێر 02:30، لە ماڵێکی گەڕەکی فەوزی چەکماک، لە ناوچەی پەندیک، ئاگرێک کەوتەوە کە هێشتا هۆکارەکەی دیار نییە. ژمارەیەکی زۆر تیمی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی رەوانەی شوێنەکە کران. لەکاتێکدا ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەوە کۆنترۆڵکرا، لە کاتی پشکنینی باڵەخانەکەدا، دەرکەوت شوقەی ژمارە یەک چوار منداڵی تێدایە کە هەموویان بێهۆش بوون".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پارێزگای ئیستەنبووڵ، تیمە تەندروستییەکان لە شوێنی رووداوەکە چارەسەری سەرەتاییان بۆ منداڵەکان کرد و بریندارەکانیش گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە و خراونەتە ژێر چارەسەرەوە.
پارێزگای ئیستەنبووڵ لەبارەی چارەنووسی منداڵەکانی دەڵێت :"هەریەک لە جەننەت چەلیککۆل (لەدایکبووی 2016)، زولفیکار سەپەتجی (لەدایکبووی 2020) و ئۆزدەن سەپەتجی (لەدایکبووی 2023)، لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا. هەروەها محەممەد عەلی چەلیککۆل (لەدایکبووی 2014)، لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانە لەژێر چارەسەردایە".
لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دوای رووداوەکە دەرکەوتووە سەلڤی سەپەتجی، دایکی منداڵەکان، لە کاتی رووداوەکەدا لە ماڵ نەبووە، چونکە ئێلا نور زورناجی-ی منداڵە تەمەن بچووکەکەی (لەدایکبووی 2025) بۆ چارەسەر بردووەتە نەخۆشخانەی فێرکاری و توێژینەوەی کارتاڵ.
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پارێزگای ئیستەنبووڵ رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە لە رێگەی ئەو راپۆرتەوە دیاری دەکرێت کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئامادەی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ