رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی رەنج (ئەمەپ) بە جیا، راپۆرتی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەرییان پێشکێشی کۆمیسیۆنی پەرلەمان کرد.
ئەو راپۆرتانەی پارتەکان پێشکەشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسییان کردووە، زیاتر ئاماژەن بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرێکی نوێی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان.
دەم پارتی رایگەیاند، راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە لەلایەن گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، مەرال دانش بێشتاش و پەرلەمانتاران ساروهان ئۆلوچ، جەلال فرات و جەنگیز چیچەک ئامادە کراوە و پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە. ئەمە لەکاتێکدایە دەقی راپۆرتەکە بۆ رای گشتی بڵاونەکرایەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیا دا بڵاوکراوەتەوە، راپۆرتەکەی دەم پارتی لە شەش بەش و 99 لاپەڕە پێکهاتووە؛ هەڵسەنگاندن و پێشنیازی تێدایە.
دوای دەم پارتی، جەهەپە و پارتی رەنج، راپۆرتەکانی خۆیان کە پێشنیار و شیکارییەکانی چارەسەر لەخۆدەگرن، پێشکەشی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان کرد.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی 21-11-2025 لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەدا داوای لە پارتەکان کردبوو پێشنیاز و بۆچوونی خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بنێرن، بۆ ئەوەی راپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆنەکە ئامادە بکرێت.
لە هەمان کۆبوونەوەدا بڕیاردرا شاندێکی کۆمیسیۆنەکە سەردانی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دیدار بکات، پارتەکان رایانگەیاند، دوای پێدانی زانیاری لەبارەی ئەو سەردانە لە کۆمیسیۆنەکە، راپۆرتەکانیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 4ـی کانوونی یەکەمی کۆمیسیۆنەکە، پارتەکان زانیارییان لەبارەی ئەو راپۆرتانەوە دا کە ئامادەیان دەکەن، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی هێشتا تەواو نەکراون، هیچ راپۆرتێک پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ