رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی درۆنی بۆمبڕێژکراو لە تورکیا، فیلمێکی ناساندنی (پرۆمۆ)ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا خێرایی لە بەرهەمهێنانی درۆنەکان و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای زانیاریی نوێ بۆ سیستمی درۆنەکان دەخاتەڕوو. بەرپرسانی کۆمپانیاکە رایدەگەیێنن کە لەم قۆناخەدا ساڵانە زیاتر لە 120,000 درۆن بەرهەم دەهێنن.
درۆنەکان، وەک توخمێکی گرنگ لە تێپەڕاندنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و چەقی گۆڕەپانی جەنگی مۆدێرندا، لەنێو خاڵە هەرە گرنگەکانی رۆژەڤی پیشەسازیی بەرگریی تورکیادان. کۆمپانیای سکایداگەر (Skydagger) بۆ بەرهەمهێنانی درۆن، لە چوارچێوەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیادا، بەهۆی وەبەرهێنانی نوێوە گەیشتووەتە ئاستێک کە سەدان هەزار درۆن بەرهەم بهێنێت.
کۆمپانیای سکایداگەر، کە سەر بە گرووپی کۆمپانیاکانی بایکارە، لە ساڵی 2024دا دەستی بە چالاکییەکانی کردووە بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی کامیکازیی FPV (بۆمبڕێژکراو) کە لە رێگەی چاویلکە یان شاشەوە بەکاردەهێنرێت، بە شێوەیەک وەک ئەوەی بەکارهێنەرەکە لەنێو درۆنەکەدا بفڕێت. سکایداگەر، بە چارەسەری قەبارە جیاوازەکان، زنجیرە بەرهەمەکانی دروستکردووە و لە ماوەیەکی کورتدا بەهۆی وەبەرهێنانەکانیەوە گەیشتووەتە توانایەکی بەرهەمهێنانی زۆر بەهێز.
هالوک بایراکتار، بەڕێوەبەری گشتیی بایکار رایگەیاند، هێڵی بەرهەمهێنانی سکایداگەر گەیشتووەتە توانای بەرهەمهێنانی 120,000 درۆن لە ساڵێکدا. ناوبراو گوتی، "هەموو پێکهاتەکانی لە بزووێنەری کارەباییەوە تاوەکو سێرڤەری کۆنترۆڵی فڕین، لە پەیکەری FPVـەوە تاوەکو پاتری، لە پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە تاوەکو کڵاوی جەنگی؛ هەموویان خۆماڵی، نیشتمانی و رەسەنن."
کۆمپانیای سکایداگەر، بەم دواییانە درۆنەکانی "سکایداگەر 15 پڵەس" و "سکایداگەر مینی" بۆ زنجیرە درۆنە کامیکازییەکانی FPVـی قەبارە 7، 10 و 15 ئینج زیاد کرد. لەگەڵ ئەم بەرهەمە نوێیانەدا، خێزانی بەرهەمەکانی سکایداگەر بە گەورەترین و بچووکترین FPVـەکان فراوانتر بوو.
درۆنی "سکایداگەر 15 پڵەس"، توانای هەڵگرتنی 10 کیلۆگرام تەقەمەنی هەیە. "سکایداگەر مینی"ـش زیاتر بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی نێو شارەکان پەرەی پێدراوە و بە 500 گرام تەقەمەنیی دژە-کەسەکان ئەرکەکانی ئەنجام دەدات.
کۆمپانیای سکایداگەر، بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستە ئەگەرییەکانی بەرهەمهێنان و گەیشتن بەو ژمارە زۆرەی کە لە بەرهەمهێنانی زنجیرەییی درۆنەکاندا پێویستە، گرنگییەکی زۆر بە خۆماڵیکردنی پێکهاتە لاوەکییەکان دەدات. لەم چوارچێوەیەدا، پێکهاتەکانی وەک تەقەمەنی، پاتری، سیستمی فایبەرئۆپتیک، سندووقی پەلەپیتکە و کارتی تەقێنەر کە تەقەمەنییەکە دەکەنە هۆشمەند و سیستمی زیرەکیی دەستکرد، یان کۆمپانیاکە خۆی بەرهەمیان دەهێنێت یان لە بەرهەمهێنەرە خۆماڵییەکانەوە دابینیان دەکات.
کۆمپانیای سکایداگەر، کە رێژەی خۆماڵیبوونی لە بەرهەمەکانیدا بۆ سەرووی 80% بەرزکردووەتەوە، ئامانجیەتی لەم ساڵدا بگاتە ئاستی 100%ی خۆماڵیبوون.
درۆنەکانی سکایداگەر، کە لە تورکیا خراونەتە بەردەست، ساڵی رابردوو هەناردەی 14 وڵات کراون. سکایداگەر نزیکەی 30,000 درۆنی پێشکێشی بەکارهێنەرانی دەرەوەی وڵات کردووە.
لە پشتی ئەم سەرکەوتنەی سکایداگەرەوە، تەقەمەنیی یەکخراو لەگەڵ پلاتفۆرمەکەدا پێشکێشی بەکارهێنەران دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، سیستمە هۆشمەندەکان دروست دەکرێن کە تێیدا درۆن و تەقەمەنییەکە دەتوانن پەیوەندی بەیەکەوە بکەن. هاوکات، چالاککردنی سیستمی سەلامەتیی 3 قۆناخی، کە تەقەمەنییەکە ئامادە دەکات، پێداویستیی ئاسایش کە یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکان بۆ درۆنە کامیکازییەکان، دەگەیێنێتە بەرزترین ئاست.
کارکردنی تەقەمەنی و سیستمە هۆشمەندەکان بە بازدانی بەردەوامی فریکوێنس لەسەر دوو باندی مەودا فراوان، وا دەکات بەبێ کاریگەربوون لەلایەن "جامەرەکانەوە" ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. هەموو ئەم توخمانە وا دەکەن کە بەرهەمەکان زیاتر پەسەند بکرێن.
جگە لەوەش، سکایداگەر بە مەشقپێکردنی بەکارهێنەران و راهێنانی راهێنەران، پشتیوانی لە بەرهەمەکانی دەکات و لەم پرۆسەیەدا سوود لە پڕۆسێسی ئۆنلاین وەردەگرێت، ئەمەش وا دەکات کارمەندێک لە ماوەی نزیکەی 2 هەفتەدا بگاتە ئاستی کارپێکردن و تەقەکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ