رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات، لەدوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاژێر 13.00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە قوبرسی باکوور و بڕیارە لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
هەریەک لە ئەمینە ئەردۆغان هاوژینی سەرۆککۆماری تورکیا؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان؛ یەشار گولەر، وەزیری بەرگری؛ عەبدولقادر ئوڕاڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و ژێرخان؛ فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار؛ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی نیشتمانی (میت)؛ هالوک گۆرگیون، سەرۆکی پیشەسازیی بەرگری و عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی، یاوەری ئەردۆغانن.
شاندەکە لەلایەن جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەوە بەڕێخرا و کاژێر 11.40ی بەیانی بە فڕۆکەی "TUR" لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵەوە بەڕێکەوت. ئەردۆغان و شاندی یاوەری کاژێر 13.00 گەیشتنە فڕۆکەخانەی ئەرجان لە شاری لیفکۆشا و لەلایەن ئەرسین تاتارو ژمارەیەک بەرپرسی قوبرسی باکوورەوە پێشوازییان لێکرا.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، پێشخستنی پەیوەندییەکان و تاوتوێی پێشهاتەکانی دوورگەی قوبرس و جیهان لە تەوەرە گرنگەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوولا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ