دادگە دۆسیەی تاهیر ئەلچی داخست

12-06-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دادوەرانی 10ـیەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد، بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی تیرۆرکردنی تاهیر ئەلچی، سەرۆکی پێشووتری بارۆی ئامەد دەرکرد و دۆسیەکەی داخرا. 
 
کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2024) دانیشتنی کۆتایی دادگەییکردنی چوار پۆلیس بە تۆمەتی تیرۆرکردنی تاهیر ئەلچی، پارێزەری کورد و سەرۆکی پێشووتری بارۆی ئامەد بەڕێوەچوو. 
 
دەستەی دادوەران بڕیاریان لەبارەی دۆسیەکە دا. ئوغور یاکشر یەکێکە لەو تۆمەتبەرانەی تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە، بە سێ جار زیندانی تاهەتایی سزا درا. هەریەک لە سینان تابور، فوئاد تان و مەسعود سەڤگی کە پۆلیسن و لە ئەرکی پۆلیس بووندا دوورخراونەتەوە، بێبەری کران و بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرچوو. بەمەش دۆسیەی تاهیر ئەلچی، دوای نۆ ساڵ داخرا. 
 
لە کاتی خوێندنەوەی بڕیاری دادگە؛ هەریەک لە ئەندامانی خێزانی ئەلچی، پارێزەرانی، نوێنەرانی ژمارەیەک بارۆی پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و شاندی تایبەتی جەهەپە کە لە پێنج پەرلەمانتار پێکهاتبوون، هۆڵی دادگەیان چۆڵکرد و بە چەپڵەلێدان بایکۆتی دانیشتنەکە و بڕیارەکەیان کرد. 
 
دوای دەرچوونیان، لە بەردەم دادگەدا نیهاد ئەرەن، سەرۆکی بارۆی ئامەد، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "هەڵوێستی دەستەی دادوەران و داواکاری گشتیی لە بەرژەوەندیی پۆلیسە تۆمەتبارەکاندایە و هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئازادکردنیان. ئەمەش مایەی قبووڵکردن نییە. جەخت دەکەینەوە هێشتا زۆر شت ماون لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت بەتایبەتی روونکردنەوەی چۆنیێتی کوشتنی تاهیر ئەلچی و هۆکارەکانی، بەڵام هیچکامیان نەکراوە و تەنانەت دەست بۆ بەڵگەکانیش نەبراوە." 
 
محەممەد ئەلچی، برای تاهیر ئەلچی بە رۆژنامەڤانانی گوت "لە گرتەڤیدیۆی ساتی کوژرانی تاهیر ئەلچیدا، 13 چرکە سڕدراونەتەوە. بە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە رێگە نەدراوە بەدواداچوون بۆ ئەم 13 چرکەیە بکرێت. تەنانەت چەندینجار هەڕەشە لە هاوژین و منداڵەکانیشی کراوە. داواکاری گشتی و دادگە لە سەرەتای دۆسیەکەوە نیازی داخستن و کپکردنیان هەبووە و کردیان." 
 
تاهیر ئەلچی، سەرۆكی پێشووی بارۆی ئامەد لە 28-11-2015 کاتێک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا داوای ئاشتی و راگرتنی شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیای دەکرد، تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا.
 
لە 23ـی حوزەیرانی 2017، راپۆرتی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە ئامادەکرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کوژرانی ئەلچی دا و لە نیسانی ساڵی 2022، راپۆرتەکە خرایە نێو دۆسیەکەی. 
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کوشتنی تاهیر ئەلچی پێشتر پلانی بۆ دانەڕێژرابوو. محەممەد ئەمین ئاکتار، پارێرەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە هەن، کە تاهیر ئەلچی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە. 
 
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی تاهیر ئەلچی دوای تێپەربوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر کوژرانیدا رۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2020 لە 10یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە شاری ئاگریی باکووری کوردستان. وێنە: AA/ئەرشیڤ

کەشناسیی تورکیا: پێشبینیی بارینی بەفر لە 21 پارێزگا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر ببارێ، لەنێویاندا ئەرزەڕۆم، وان و سێواسی باکووری کوردستان