رووداو دیجیتاڵ
ئاگری دارستانەکانی کەپەز لە سنووری پارێزگای چاناککالێ-ی تورکیا پانتاییەکی زۆری گرتووەتەوە، بەهۆیەوە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی ئەو شارە هەڵوەشێندرانەوە.
دارستانەکانی کەپەزی سەر بە شارۆچکەی ئایڤاجک لە رۆژی دووشەممە 11-08-2025ــەوە دەسووتێن و تادێت پانتایی بڵێسەی ئاگر زیاتر دەبێت.
هەروەها فڕۆکەخانەی چاناککالێ تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی وەستاندن.
عومەر تۆرامان، پارێزگاری چاناککالێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە هۆشداریی دایە هاووڵاتیان بەوەی ئەگەر زۆر پێویست نەبوو، نەڕۆنە دەرەوە و گوتی: "هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بە 9 فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە، 10 هێلیکۆپتەری ئاوگوێزەرەوە، 69 ئۆتۆمبیلی بەرگریی شارستانی بەردەوامن".
بەدرێژایی رۆژی دووشەممە تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە وشکانی و ئاسمانەوە بەردەوامن لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام لە چەند شوێنێکدا ئاگر بە تەواوی تەشەنەی کردووە و تیمەکانیش دەستەوستانن.
ئەمە وایکردووە چەند گوندێکی ناوچەکە بە تەواوی چۆڵی بکرێن و گوندنشینان بەرەو شوێنی سەلامەت بچن.
چاناککالێ دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای تورکیا و لەسەر دەریای ماڕماڕایە. لە سێ لا بە ئاو دەوردراوە و دراوسێی پارێزگای باڵکئەسیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ