لە گوندێكی مێرسین هێرشکرایە سەر خێزانێكی کورد

12-08-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای مێرسین-ی تورکیا هێرشکرایە سەر خێزانێکی کورد، ئەندامێكی خێزانەکە کە لە هێرشەکەدا بریندار بووە، لەژێر چاودێریی چڕدایە و هێرشکارەکانیش دەستبەسەر کراون.
 
رووداوەکە کاژێر 17:30 خوولەکی رۆژی یەکشەممە 10ی ئابی 2025 لە گوندی کیسەجیک سەر بە شارۆچکەی چاملیایلا روویدا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، خێزانێکی کوردی 8 کەسی کە خەڵکی ئێلیهـ-ی باکووری کوردستانن و نیشتەجێی گوندی کیسەجیک-ن، لەکاتی گەڕانەوەیان لە سەیران لە دەروازەی گوندەکە لەلایەن گرووپێکەوە ئۆتۆمبێلەکەیان راگیراوە و هێرشیان کراوەتەسەر. موختاری گوندەکە یەکێک بووە لە هێرشکاران.
 
هێرشکارەکان بە خێزانە کوردەکەیان گوتووە، "ئێرە کۆماری تورکیایە، چۆن بە کوردی قسە دەکەن."
 
خێزانە کوردەکە، دوای هێرشەکە چوونەتە نەخۆشخانەی شار لە ناوەندی شاری مێرسین.
 
عەدنان نازڵی کە یەکێکە لە ئەندامانی خێزانەکە و لە هێرشەکەدا بە سەختی برینداربووە، گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لە بەشی چاودێریی چڕ خەوێندراوە.
 
دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن خێزانە کوردەکە، هێرشکارەکان دەستبەسەر کراون و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارۆچکەی تارسوس کراون.
 
عەلی بۆزان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی مێرسین، رۆژی دووشەممە 11ی ئاب لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەو خێزانە کوردە رووبەڕووی هێرشێکی نەژادپەرستی بوونەتەوە و وەکو دەم پارتی سەردانی خێزانەکەیان کردووە.
 
بۆزان لە پۆستێکدا نووسی، "خێزانە باتمانییەکەی ئێمە کە لە هەشت کەس پێکهاتبوون و بۆ سەیران چووبوونە گەرووی کیسەجیک سەربە شارۆچکەی چاملیایلا لە مێرسین، لە کاتی گەڕانەوەدا رووبەڕووی هێرشێکی فاشیستی بوونەتەوە. لەنێو ئەو گرووپە فاشیستەدا موختاری کۆن و نوێش هەبوون. بێ گوێدانە کۆرپە و منداڵ و بەساڵاچوو هێرشیان کردووە. سەرەتا لە ئۆتۆمبێلەکە دایانبەزاندوون. دایکمان گوتوویەتی 'لەبەرخاتری خودا و پێغەمبەر راوەستن، منداڵی ساوامان لەگەڵدایە'، هێرشکاران پێیانگوتووە 'ئێرە کۆماری تورکیایە، بە تورکی قسە بکە' و هێرشیان کردووەتە سەر دایکیشمان کە تەمەنی لە 70 ساڵ زیاترە."
 
عەلی بۆزان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: "هەر فاشیستێک کە کورد و زمانی کوردی قبووڵ نەکات، ئێمەش ئەوان قبووڵ ناکەین. ئەمە دڕندەییە. لەڕووی دوژمنایەتیی کوردەوە هێرشکردنە سەر منداڵی ساوا، گەنجەکانمان و دایکە بەساڵاچووەکەمان نامەردییە."
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی دەڵێ، بەدواداچوون بۆ ئەو هێرشە دەکەن و داوا دەکەن بە زووترین کات سەرجەم ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر خێزانەکە دەستگیر بکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە