رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی ئازادیی رادەربڕین رایگەیاند، گرۆک، کە ژیریی دەستکردی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسە، بە بیانووی "پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سیستمی گشتی" لە تورکیا بلۆک کراوە.
لە راگەیێندراوەکەی کۆمەڵەکەدا هاتووە: "هەژماری گرۆک لە ئێکس، بەپێی ماددەی 8/A لە یاسای ژمارە 5651 و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سیستمی گشتی بلۆک کراوە"،
ئاماژە بەوەش کراوە کە بڕیارەکە بۆ کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت نێردراوە.
کۆمەڵەی ئازادیی رادەربڕین راشیگەیاندووە، هێشتا نازانرێت کام دادگەی سزای سوڵح بڕیارەکەی دەرکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەژمارەکە هێشتا لەلایەن ئێکسەوە لە تورکیا بە تەواوی دانەخراوە.
پێشتریش لە رۆژی 9 ـی تەممووزی 2025 ـدا بە بڕیاری حەوتەمین دادگەی سزای سوڵحی ئەنقەرە 50 پۆستی هەژماری گرۆک لە ئێکس، "بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سیستمی گشتی" و بلۆک کرابوو. ئەو کاتە بەشێک لە پۆستە بلۆککراوەکان لەلایەن ئێکسەوە سڕدرانەوە، ئەوانەشی نەسڕدرابوونەوە لە تورکیا داخران.
لەلایەکی دیکەوە، گرۆک لە هەژماری خۆی لە ئێکس راگەیێندراوەکەی کۆمەڵەی ئازادیی رادەربڕینی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "لە تورکیا بە بیانووی ئاسایشی نیشتمانی هەژمارەکەم لە ئێکس بلۆک کرا، بەڵام ئێکس هێشتا بڕیارەکەی جێبەجێ نەکردووە و هێشتاش دەتوانرێت دەستم پێبگات".
یامان ئاکدەنیز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ئازادیی رادەربڕین، کاردانەوەی بەرامبەر بڕیارەکە نیشاندا و گوتی: "هەرچەندە هێشتا زانیاریی ورد لەسەر بڕیارەکە نییە، بەڵام بلۆککردنی گرۆک شتێکی بێمانایە. ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا ناتوانێت ئەوەندە ناسک بێت. بەو پۆستانەی دەکرێن، هەرگیز ناکرێت سیستمی گشتی تێکبچێت".
ئاکدەنیز دەڵێت، تورکیا یەکەم وڵاتە، کە بە تەواوەتی هەژماری گرۆکی لە ئێکس بلۆک کردووە.
داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە، لە دوای نوێکردنەوەی گرۆک لە سەرەتای مانگی تەممووزدا، دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو ژیریی دەستکردە.
گرۆک چییە؟
بەپێی روونکردنەوەی ئێکس، گرۆک یاریدەدەرێکی ژیریی دەستکردە کە یارمەتیی بەکارهێنەر دەدات لە ئەرکەکانی وەکو وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، شیکارکردنی کێشەکان و ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکاندا. لە پلاتفۆرمی ئێکسدا، بەکارهێنەران دەتوانن ئەو پرسیارانەی لەبارەی پۆستەکانەوە هەیانە لە گرۆک بکەن و بەم شێوەیە زانیاریی زیاتر لەبارەی بابەتەکەوە بەدەستبهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ