لە شارێکی تورکیا پاسێکی گەشتیاران وەرگەڕا و 25 کەس بریندار بوون

12-10-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای کاستامۆنۆ-ی تورکیا، پاسێکی گەشتیاران وەرگەڕا و بەو هۆیەوە 25 کەس بریندار بوون.
 
رووداوەکە درەنگی شەوی شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2025 لە شارۆچکەی تاشکۆپروو روویدا.
 
پاسێکی گەشتیاری لە نزیک گوندی کوران وەرگەڕا و 25 کەس بریندار بوون. دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی تەندرووستی، بەرگریی شارستانی، پۆلیس و جەندرمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
 
بریندارەکان لەلایەن تیمەکانەوە بۆ نەخۆشخانەکان گوێزرانەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، لەنێو پاسەکەدا دوو شۆفێر، دوو رێبەری گەشتیاری و 21 گەشتیاری نێوخۆیی هەبوون و دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکەیان لە سینۆپەوە، بۆ شاری کاستامۆنۆ دەگەڕانەوە.
 
پارێزگای کاستامۆنۆ رایگەیاند، لە رووداوەکەدا 25 کەس بریندار بوون؛ حەوتیان بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شارۆچکەی تاشکۆپروو، حەوتیان بۆ نەخۆشخانەی تایبەتیی ئەنادۆڵو و 10ـی دیکەشیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری و توێژینەوەی کاستامۆنۆ گوێزراونەتەوە.
 
بە گوتەی پارێزگا، یەکێک لە بریندارەکان تەندروستیی باش بووە و پێویستی بە نەخۆشخانە نەبووە. تەندروستیی بریندارەکانی دیکەش باشە و برینەکانیان سووکە.
 
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلول، 503 هەزار و 358 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، بەهۆیانەوە هەزار و 930 کەس گیانیان لەدەستداوە و 309 هەزار و 879 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە