ئەردۆغان بۆ گەنجانی وڵاتەکەی: دەچمە غەززە، دواتر ئێوە وەرن

12-10-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئاکپارتی رایگەیاند، دەچێتە غەززە.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پارێزگای ریزەی تورکیا  گوتی: "تورکیا زۆر گەورەترە لە تورکیا. تورکیا وڵاتێک نییە کە ئاسۆکەی بە 783 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە سنووردار بکرێت. ناوبانگ، هێز و قورسایی قسەی تورکیا لە ئابووری، دانیشتووان و خاکەکەشی زۆر لەپێشترە."
 
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا لە باسی غەززە دا گوتی: "برا فەلەستینییەکانمان، بەتایبەتی حەماس، بە هەڵوێستێکی زۆر ژیرانەوە نیشانیان دا کە ئامادەی ئاشتین. بەم شێوەیە دوای دوو ساڵ لە ستەم، کۆمەڵکوژی، وێرانکاری و دڕندەیی، بۆ یەکەمجار رووخسارەکان لە غەززە دەستیان بە پێکەنین کردەوە، هەرچەندە بە خەمباریشەوە بێت."
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "لە کەسایەتیی ئێوەدا سڵاو لە فەلەستین و فەلەستینییەکان دەکەم" و سەبارەت بە پشتیوانیکردنی غەززە ئاماژەی بەوەدا، "هەر هەوڵێک، هەر واژۆیەک، هەر هەنگاوێک کە ستەملێکراوان و قوربانییانی غەززە دڵخۆش بکات، لای ئێمەش پەسەندە."
 
ئەردۆغان وەڵامی دروشمی گەنجانی ئاکپارتیشی دایەوە کە دەیانگوت: "سەرۆک، بمانبە بۆ غەززە" و گوتی: "سەرەتا من دەچمە غەززە، ئینجا ئێوە."
 
ئەردۆغان لە پەیامەکانی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە غەززە گوتی: "ئاشتییەکی دادپەروەرانە دۆڕاوی نییە. لە دڵەوە هیوادارین ئەو رێککەوتنەی کراوە، ببێتە مایەی ئاشتی، ئارامی و ئاسایشی هەمیشەیی لە غەززە و خاکەکانی دیکەی فەلەستین."
 
ئەردۆغان رەخنەی لە ئیسرائیل گرت و گوتی: "پێویستە حکومەتی ئیسرائیل پابەندی ئەو واژۆیەی بێت، کە کردوویەتی. دەبێت بە تەواوی کۆتایی بە سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی بهێنێت."
 
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی جەختی لەوە کردەوە، "چارەسەری دوو دەوڵەتی، کلیلی ئاشتیی هەمیشەییە لە ناوچەکەماندا. ئێمە باوەڕمان وایە چارەسەری دوو دەوڵەتی، بەتایبەتی بە دوو چارەسەری جیاواز، باشترین رێگەیە بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە، موسڵمان، مەسیحی و جوو."
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەو پشتیوانییە کرد کە لە گەلەوە دەیبینێت و گوتی: "گەلەکەشمان ئەم راستگۆییەی ئێمە دەبینێت. جگە لە مشتێک خەڵکی هەمیشە دژ، گەلەکەم هەوڵ و کۆششەکانمان دەبینێت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە