رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، تورکیا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتی دا بووەتە ئەکتەریکی نێودەوڵەتیی رێزلێگیراو کە گوێی لێ دەگیرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی ئاکپارتی کە رۆژی یەکشەممە 12-10-2025 لە پارێزگای ترابزۆن بەرێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان کە دوو رۆژ لەمەوبەر 38 پرۆژەی کردەوە و بەردی بناخەی دوو پرۆژەی دیکەشی دانا، ئەمڕۆ یەکشەممە 130 پرۆژەی لە ترابزۆن کردەوە.
گوژمەی ئەو پرۆژانە 13 ملیار و 514 ملیۆن لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 320 ملیۆن دۆلار.
سەرۆککۆماری تورکیا بەڵێنی دروستکردنی دووەمین فڕۆکەخانەیشی بە خەڵکی ترابزۆن دا.
ئەردۆغان لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا: بازرگانانی خوێن براوەن
لەکاتێکدا جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا درێژەی هەیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی:"ئارەزووی ئێمە ئەوەیە چی زووە جەنگەکە کۆتایی بێ، چونکە هاوشێوەی هەموو جەنگەکانی دیکە، تەنیا بازرگانانی خوێن براوە دەبن. لەکاتێکدا بازرگانانی جەنگ سامان دەخەنە سەر سامانەکانیان، سەیر دەکەیت ئەوەی دەیدۆڕێنێت خەڵک و هاووڵاتیانی شەقامەکانن و ناوچەکەمان قوربانی دەدات".
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، هەرچییەک لەدەستیان بێت ئامادەن بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیران و جەنگە، بیکەن.
ئەردۆغان لەبارەی غەززە: ئاگربەست بەس نییە
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی ئەو ئاگربەستەی کرد کە لە کەرتی غەززە بەدەستهاتووە و گوتی:"راستە ئەمە هیوایەکە بۆ ئارامی و ئیدی کۆمەکی مرۆیی دەگاتە غەززە، بەڵام ئەوە بەس نییە. دەبێت ئەوەش بزانین کە ئاگربەست هەموو شتێک نییە. دەبێت ئەوە مسۆگەر بکرێ کە ئیسرائیل لە پشت ئەو واژۆیە دەبێت و رێزی لێ دەگرێ. نابێت رێگە بە ئیسرائیل بدرێت، بابەتەکە ئاوەژوو بکاتەوە".
ئەردۆغان راشیگەیاند، ئیسرائیل 85٪ی غەززەی وەها شێواندووە کە بە کەڵکی ژیان نایەت و گوتی: "ئاوی پیس کرد، باخچەکانی لەنێوبرد، باڵەخانەکانی رووخاند، قوتابخانە، نەخۆشخانە و مزگەوتەکانی بۆردوومان کرد. لە غەززە شتێکی بە ناوی ژێرخان جێنەهێشت".
ئەردۆغان: تورکیا لە سەردەمی ئێمەدا بووە ئەکتەرێکی نێودەوڵەتیی رێزلێگیراو
سەبارەت بە رۆڵ و کاریگەریی وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی:"هەمووان هەڵوێستی مرۆییانەی تورکیایان پەسندکرد کە هەڵوێستێکی پڕ لە ویژدانە. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیمەدا تورکیا بووە ئاکتەرێکی نێودەوڵەتیی وەها کە رێزی لێ دەگیرێ و گوێی لێ دەگیرێ. هەمووان، بە دووژمنانیشمانەوە، تورکیای نوێیان پەسندکردووە".
ئەردۆغان: جەهەپە لای وڵاتان سکاڵا دەکات
سەرۆککۆماری تورکیا جەهەپە تۆمەتبار دەکات بەوەی لای وڵاتانی بیانی، سکاڵا دەکات؛ هەروەها رەخنەی تووندی لێگرت و گوتی:"ئۆپۆزیسیۆنی گەورەی وڵاتەکەمان (جەهەپە) هێشتا پەی بەم گۆڕانکارییانە نەبردووە. نەمانتوانی فێریان بکەین لە بەرامبەر دووژمنان بە هەڵوێستەوە بوەستن. چیمانکرد نەمانتوانی لەو ئەفەندییانە بگەیەنین کە پێویستە وەک پارتێکی سیاسیی تورکیا کار بکەن. سەرۆکی پێشوویان لەمبارەیەوە دۆسیەکەی زۆر خراپ بوو. لە ئەورووپاوە هەتا دەگاتە ئەمریکا، وڵات نەما لای سکاڵا دژی تورکیا نەکات".
لەکاتێکدا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئێستا خەریکی خۆپێشاندان و ناڕەزایە و دەستگیرکردن و دادگاییکرانی بەرپرسانی بە هەنگاوێکی سیاسی ناودەبات، ئەردۆغان رووی دەمی کردە بەرپرسانی ئەو پارتە و گوتی:"لەپێناو رفاندنی ئەو بەرپرسانەیان لە دەستی دادگە کە لەبارەیانەوە بایی ملیاران لیرە گەندەڵی، بەرتیل و دزی هەیە، لە وڵاتانی رۆژئاوا دەپاڕێنەوە".
ئەردۆغان گوتی، جەهەپە ئاستەنگ لەبەردەم پلان و هەنگاوە باشەکان دروست دەکات و نزای کرد کە گەلانی تورکیا نەکەونە ژێر دەستی جەهەپە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ