رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئوچوم، راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی داواکارییەکی پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لەبارەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دایەوە.
لە گوتارێکیدا کە سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری نووسیویەتی، محەممەد ئوچوم رۆژی یەکشەممە 12-10-2025 وەڵامی پەروین بوڵدان دەداتەوە کە لە بابەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داواکاریی هەبوو.
ئوچوم رایگەیاند، لە پرۆسەیەکدا کە سنوورەکانی دیاریکراون، ناتوانرێت هەموو داواکارییەک هەڵبسەنگێنرێت. ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها ئاماژەی کردووە، کە تەنانەت عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش دژی ئەو داواکارییانە وەستاوەتەوە، کە سەبارەت بە خۆی خراونەتەڕوو.
لە نووسینەکەی ئوچومدا، رەخنە لە لێدوانەکانی پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی گیراوە، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنرێت.
محەممەد ئوچوم وتارەکەی بۆ ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا نووسیوە و پرۆسەی چارەسەری بەسەر گواستنەوە و پەرەپێدانی دیموکراسی دابەش دەکات و دەڵێت: "ساڵێک بەسەر پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا تێپەڕی. لەو ماوەیەدا چەندین هەنگاو نراون و چەندین بابەت روون کراونەتەوە. بێگومان لەمەودوا رێگەی زۆر هەیە و ئامانجی زیاتر هەیە کە پێی بگەین، بەڵام روونە ئەم قۆناخە کە ئامادەکارییە بۆ سەردەمی گەشەسەندنی تورکیا، دوو قۆناخی سەرەکییە."
ئوچوم پێیوایە پرۆسەکانی گواستنەوە و پەرەپێدانی دیموکراسی نابێت تێکەڵ بکرێن و بە جیا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
محەممەد ئوچوم: ناتوانرێت هەموو داواکارییەک بە هەند وەربگیرێت
ئوچوم لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا دەڵێت: "لە پرۆسەیەکی وەهادا کە سنوورەکانی دیاریکراون، ناتوانرێت هەموو بابەتێک کە پەیوەندی بە پەرەپێدانی دیموکراسی و هەموو داواکارییەک هەیە، بە هەند وەربگیرێت. هەموو ئەو بابەت و داواکارییانەی دەخرێنە رۆژەڤ، ناتوانرێت لە چوارچێوەی یاسای پرۆسەی گواستنەوەدا هەڵبسەنگێنرێن. زۆرلێکردنێکی لەم شێوەیە زیانی گەورە بە کارەکانی یاسای پرۆسەی گواستنەوە دەگەیەنێت.
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پێداویستییەکانی پرۆسەی گواستنەوە بریتین لە بابەتەکانی سزای کەسایەتییە چالاک و پشتیوانەکانی پەکەکە کە هەڵوەشاوەتەوە.
هەروەها دەشڵێت، دەرچوونی یاسایەک گرنگە بۆ ئەو کەسانەی دەبێت لە دەرەوەی وڵات بمێننەوە، ئەوانەش کە تیکەڵ بە کۆمەڵگە دەبنەوە.
چۆن هەموارێک بۆ پەکەکە دەکرێت؟
ئوچوم لەبارەی ئەگەری هەموارکردنەوە و دەرکردنی یاسا دەڵێت: "مافی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی هەڵوەشاوە (جگە لەوانەی ناچارن لە دەرەوەی وڵات بمێننەوە) ناتوانرێت بە یەک رێگەی یاسایی و بە لۆژیکێکی گشتی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".
ئوچوم لە نووسینەکەیدا بەبێ ناوهێنان ئاماژە بەو بابەتانە دەکات کە لەم دواییانەدا سەبارەت بە پرۆسەکە هاتوونەتە پێشەوە و رەخنە لە لێدوانەکانی پەروین بوڵدان دەگرێت کە گوتبووی: "هێشتا زۆر کەناڵ و شرۆڤەکار زمانی دوژمنکارانەی رابردوویان بەردەوامە و دەسەڵات هەنگاو نانێت."
ئوچوم لە وەڵامی ئەو گوتانەت بوڵداندا دەڵێت: "بەتایبەت ئەو قسانەی کە کەسایەتییەکانی نێو پرۆسەکە لەبەرچاو ناگرن و هەندێک هەڵمەتی فکری کە لەم رۆژانەدا دیسانەوە هەوڵ دەدرێت زەق بکرێنەوە، لە دەرەوەی نیازی خۆیان، سەرنجی تێکدانێکی فکری بۆ پرۆسەکە دەدەن".
محەممەد ئوچوم هەروەها دەڵێت، هەندێک لایەن لە لای خۆیانەوە گلەیی لە زمانی لایەنی بەرامبەر دەکەن و دەڵێن بۆچی رێگری لێناکرێت.
هەروەها دەشڵێت: "لەوانەیە لە لای خۆیانەوە مافیان هەبێت، بەڵام لێرەدا ناکۆکییەک دروست دەبێت، وەک ئەوەی لە هەمان کاتدا لایەنگری دیموکراسی بن و داوای نادیموکراسی بکەن. پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت. هەروەها نابێت رێگە بدرێت هەندێک تێڕوانین دروست بکرێن کە بە مانای ئەوە بێت گوشار بخەنە سەر ئەوانەی دژی پرۆسەکەن، بەڵام هیچ شتێک بۆ ئەوانە نەکەن کە وەک لایەنگری پرۆسەکە دەردەکەون و تێکدانی فکری و کردەیی دەکەن."
ئوچوم، لە کاتێکدا کە پرۆسەکە بەردەوامە، ئاماژە بەوە دەکات کە داواکارییەکان سەبارەت بە رێبەری پەکەکە دەخرێنە رۆژەڤ و دەڵێت: "پێویستە رێگە بە هەڵە نەدرێت، سەرەڕای پەیوەندی و گفتوگۆیەکی بونیاتنەر. ئەگەرنا، لەوانەیە پرسیار بکرێت کە بۆچی ئەم گفتوگۆیانە دەکرێن؟
ئوچوم: پێویستە باشتر لە رۆڵی بوتنیاتنەرانەی ئۆجەلان تێبگەین
ئوچوم، سەبارەت بە داواکارییەکانی تایبەت بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت: "لە کاتێکدا خودی ئۆجەلان خۆی هیچ مەرجێکی دیکە جگە لە ئاسانکردنی بارودۆخ بۆ بەشدارییەکی کوالێتی باشتر لە پرۆسەکەدا ناهێنێتە پێشەوە، هەندێک کەس کە بە داواکاریی زیاترەوە بەدوای ئەمەدا دەچن، هیچ ئەنجامێک جگە لە زیانگەیاندن بە پرۆسەکە بەدەست ناهێنن. پێویستە باشتر لە رۆڵی بوتنیاتنەرانەی ئۆجەلان تێبگەین".
ئەو راوێژکارەی ئەردۆغان هەروەها دەڵێت، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە ، زۆر گرنگە تەواوی ئەو کەس و لایەنانەی هەوڵ بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە دەدەن، لەبارەی زمانی پرۆسەکە زۆر وریابن.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمرالی، لە بەرنامەیەکدا رایگەیاندبوو: "هێشتا زۆر کەناڵ و شرۆڤەکار زمانی دوژمنکارانەی رابردوویان بەردەوامە و ئەم لایەنانە نیازی چارەسەر و ئاشتییان نییە، بەڵکو دوژمنایەتییان هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ