رووداو دیجیتاڵ
لە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی تورکیا دا، کە دوێنێ سێشەممە 11-11-2025 لە وڵاتی جۆرجیا کەوتبووە خوارەوە، 20 کارمەند و سەرباز گیانیان لەدەستدا. وەزارەتی بەرگریی تورکیا ناو و وێنەی ئەو کارمەند و سەربازانەی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، فڕۆکەکە لە جۆری 130C بوو و لە وڵاتی ئازەربایجانەوە دەگەڕایەوە تورکیا و لە سنووری وڵاتی جۆرجیا کەوتووەتە خوارەوە.
لە رووداوەکەدا 20 کارمەند، کە لەنێو فڕۆکەکەدا بوون، گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتی ناوخۆی جۆرجیاش رایگەیاند، فڕۆکە بارهەڵگرە سەربازییەکە سەر بە هێزی ئاسمانیی تورکیایە و 27 خولەک دوای چوونە ناو سنووری ئاسمانیی جۆرجیا، پەیوەندیی راداری پچڕا و دواتریش لە ناوچەی سیغناغی، لە دووریی 5 کیلۆمەتر لە سنووری ئازەربایجان کەوتە خوارەوە.
وەزارەتی نێوخۆی جۆرجیا ئاماژەی بەوە داوە، "بەپێی ماددەی 275ی یاسای سزاکانی جۆرجیا، لێکۆڵینەوە لەسەر پێشێلکارییەکانی سەلامەتیی گواستنەوەی ئاسمانی، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان، دەستی پێکردووە."
دەستبەجێ دوای راگەیاندنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، کارەکانی گەڕان و رزگارکردن دەستیان پێکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکنجی بۆ گەڕان و رزگارکردن چووەتە جۆرجیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ