رووداو دیجیتاڵ
هەر یەک لە براندەکانی KFC و Pizza Hut مایەپووچبوونی خۆیان لە تورکیا راگەیاند و لقەکانیان داخران، نزیکەی 25 هەزار کارمەند لە تورکیا ناڕازیبوونیان راگەیاند و ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 12-2-2025 کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
سارا ئاکەر، کە بەڕێوەبەری یەکێک لە خواردنگەکانی KFC بوو، بەناوی کارمەندانی ناڕازی گوتی: "ئێمە وەکو هەزاران کارمەندی کەی ئێف سی و پییزا هات، بەهۆی دەستاودەستی و هەڵە بەڕێوەبردن لەپێناوی ئەوەی تەنیا دارایی بۆ خۆیان بەدەستبهێنن و کۆمپانیاکانیان خستە دۆخی مایەپووچییەوە، ستەملێکراو و فەرامۆشکراوین".
ئاکەر هەروەها باسی لەوە کرد، "ئەو مایەپووچبوونە تەنیا سیناریۆیە و دواجار ئەوەی مایەپووچبوون تەنیا کارمەندانی مافخوراو بوون." گوتیشی: "روونکردنەوەیەکی گونجاو بە ئێمە نەدرا. هەموو ئەو کارانەی کردیان، لەپێناوی گیرفانی خۆیان و چەواشەکردنی دەوڵەت بوو".
کارمەندان دەڵێن، لە مووچە، مۆڵەتی ساڵانە و زۆر بابەتی دیکەدا مافیان خوراوە.
هەروەها دەڵێن، بەڵگەی تەواویان لایە کە خاوەنی لقەکانی KFC و Pizza Hut لە تورکیا، قازانجی باشیان کردووە، بەڵام بۆ ئەوەی مافی کارمەندان نەدەن، سیناریۆی مایەپووچبوونیان دروستکردووە.
لە هەفتەی رابردووەوە براندەکانی KFC و Pizza Hut دەستی بە ئامادەکاری بۆ راگەیاندنی مایەپووچبوون کرد و رۆژی چوارشەممە 12-2-2025 بە تەواوەتی لقەکانی ئەو دوو براندە لە تورکیا داخران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ