رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە بڕیاری کۆنگرەی 12ی پەکەکە دەڵێت، ئەم پرۆسەیە تەنیا بۆ ئارامی و سەقامگیریی تورکیا نا، بەڵکو دەرفەتێکی مێژووییە بۆ هەموو ناوچەکە.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025 لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەسەر راگەیاندنی بڕیاری کۆنگرەی پەکەکە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.
کورتوڵموش رایگەیاند، بڕیارەکە جێگەی دڵخۆشییە و گوتی: "تورکیای بێ تیرۆر بە بەشداری گەلەکەمان، بە ئیرادەی پەرلەمانمان و بە بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموومان شین دەبێت. براوەی تورکیای بێ تیرۆر هەموو گەلەکەمان دەبێت".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت: "گەلەکەمان گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێ بۆ ئەوەی بە تەواوی لە تیرۆر رزگاری بێت و بناخەی سیاسەتی دیموکراسی بەهێزتر بکات. لە راگەیاندنەکەدا دەربڕینی ئەوەی کە قۆناخی چەکداری کۆتایی هاتووە، جێگەی دڵخۆشییە. تەواوکردنی ئەم هەنگاوانە بە خێرایی و بەبێ هیچ دوودڵییەک، دەرفەتێکە کە دەتوانێت رێگا بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی خۆش بکات. تیرۆر و تووندوتیژی هیچ رەواییەکی نییە".
سەبارەت بە رۆڵی پەرلەمان لە پرۆسەکەدا، نوعمان کورتوڵموش گوتی: "گەڕان بەدوای چارەسەر لەژێر سێبەری چەکدا، وەک چۆن دوێنێ هیچ حوکمێکی نەبوو، ئەمڕۆش بە هەمان شێوەیە. دامەزراوەی سیاسی ناچارە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن بە بەرپرسیارێتییەوە هەڵسوکەوت بکات".
دوای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025 لە پەیامێکدا داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرەیەک ببەستێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. رۆژانی 5-7ی ئەم مانگە پەکەکە راسپاردەکەی ئۆجەلانی جێبەجێ کرد، رۆژی 12ی ئەم مانگەش ئەنجامی کۆنگرەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و دەستبەرداربوونی لە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ