دادگەی دەستووریی تورکیا تاوتوێی هاوکارییەکان بۆ هەدەپە دەکات

13-06-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکەی 14ـی ئایاری ئەمساڵ، داوای بلۆککردنی ئەو هاوکارییانە دەکرێت کە حکومەت دەیداتە هەدەپە.

بڕیارە دادگەی دەستووریی تورکیا رۆژی 19ـی حوزەیران تاوتوێی داواکارییەکی نووسینگەی داواکاری گشتیی دادگەی باڵای سزادان بکات کە داوای کردووە بەهۆی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار، هاوکارییەکانی حکومەت بۆ پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە بلۆک بکرێن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەو هاوکارییە بە گوێرەی بەندی (1) لە یاسای پارتە سیاسییەکان بە هەدەپە دەدرێت و بڕەکەی ساڵانە 400 ملیۆن و 228 هەزار و 776 لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 17 ملیۆن دۆلار.
 
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی 19ـی حوزەیران بڕیار لەبارەی ئەو دۆسیەیەی هەدەپە بدرێت.
 
پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە بەهۆی ئەوەی مەترسیی داخستنی لەسەر بوو، بە ناوی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 14ـی ئایاردا کرد. یەسەپە 61 کورسی لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا بردەوە. لەکاتێکدا هەدەپە ساڵی 2018، توانیبووی 67 کورسی بباتەوە.
 
هەدەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریشدا پشتگیری لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت کرد کە لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهووردا شکستی هێنا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە