رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە پێویستی دەزانێت چارەسەری یەکجارەکی و دادپەروەرانە بۆ کێشەی قوبرس بدۆزرێتەوە کە رەنگدانەوەی ویستی هەردوو گەلی دوورگەکەی تێدابێت و لایەنی سێیەم هەوڵی سەپاندنی دۆخێکی نەخوازراو نەدات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە، 13-7-2023 بڵاویکردەوە، بەرپەرچی راگەیێندراوێکی رۆژنامەڤانیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە قوبرس دایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە قوبرس "بەردەوامە لە پێداگیری چارەسەری ناکردەیی و شکستخواردوو،" رایگەیاند: "پێویستە ئیدی تەواوی لایەنەکان ئەو راستییە بزانن کە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی فیدڕاڵییەوە گوزارشت لە ویست و سەروەریی تورکەکانی قوبرس ناکات".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تادێت لە بنەمای راپۆرتەکانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوور دەکەوێتەوە و نووسیوویەتی: "لەبری پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەی قوبرس، وەک ئیدارەی یۆنانی قوبرسی باشوور تورکەکانی قوبرس کە خاوەنی هاوبەشی رەسەن و دێرینی دوورگەکەن نادیدە دەگرێت. پێویستە چارەسەرێکی یەکجارەکیی و دادپەروەرانە بۆ کێشەی قوبرس بدۆزرێتەوە بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی ئیرادەی هەردوو گەلی دوورگەکە بێت و لایەنی سێیەم هەوڵی سەپاندنی دۆخێکی نەخوازراو نەدات".
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 12-7-2023 دوای کۆبوونەوەیەکی داخراو، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بانگهێشتی هەردوو لایەنی تورکی و یۆنانیی قوبرسی کردووە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا لە هەوڵی ئەوەدایە قوبرسی باکوور وەکو 'کۆماری قوبرسی باکووری تورکی' بناسێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ