گوتەبێژی ئاکپارتی: دەستبەرداربوون لە چەک دەبێت بەبێ ناوبڕ بەردەوام بێت

13-07-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، ئەو پرۆسەی ئێستا لە تورکیا هەیە، ئیلهامبەخش دەبێت بۆ ناوچەکە و دەشڵێت: "پرۆسەی دەستبەرداربوون لە چەک دەبێت بەبێ ناوبڕ بەردەوام بێت".
 
عومەر چەلیک، کە لە هەمانکاتدا جێگری سەرۆکی ئاکپارتییە، ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی تەمموزی 2025 سەبارەت بە چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە رایگەیاند، دەبێت پرۆسەکە بەبێ ناوبڕ بەردەوام بێت. 
 
چەلیک گوتی: "قسەکانی بەڕێز سەرۆککۆمار لە دوێنێوە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. ئەو خاڵەی تورکیا لە پرسی تورکیای بێ تیرۆردا پێی گەیشتووە، خاڵێکە کە لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتگیری دەکرێت. دەستبەرداربوونی پەکەکە لە چەک و بە تەواوی نەهێشتنی تیرۆر دەبێتە ئیلهامێکی گەورە بۆ ناوچەکەمان."
 
گوتەبێژی ئاکپارتی باسی پێکهێنانی کۆمسیۆنی لە پەرلەمانی تورکیا کرد و ئاماژەی بەوەدا: "بە تەواوبوونی پرۆسەکە، بوارەکانی خراپ بەکارهێنان دادەخرێن. پێموایە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەبینین کۆمیسیۆنی تورکیای بێ تیرۆر دادەمەزرێت". 
 
رۆژی 11ی ئەم مانگە گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەسەر داوای عەبدوڵلا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، چەکیان دانا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە