رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا هەوڵەکانی تورگوت ئۆزاڵ، هەشتەمین سەرۆککۆماری تورکیای لە پرۆسەی چارەسەر وەبیرهێنایەوە و رووی دەمی لە دژبەرانی پرۆسەکە کرد و گوتی: "ئەم جارە سەرکەوتوو نابن و ناتوانن لەم رێگە پیرۆزە بمانگەڕێننەوە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەبارەی هەوڵەکانی تورگوت ئۆزاڵ، هەشتەمین سەرۆککۆماری تورکیا لەپێناوی پرۆسەی ئاشتی قسەیکرد و گوتی: "ئەو دیدگەیەی ئۆزاڵی خوالێخۆشبوو لە دوای هەشتاکان نیشانی دا، لەلایەن سیاسەتڤانە تەماعکار و کەمئاستەکانەوە بە ئاشکرا بەهەدەر درا. ئێمە وەکو خەڵک باجەکەیمان دا. بە ناسەقامگیری، قەیرانی ئابووری، مایەپووچبوونی بانکەکان، شڵەژانی کۆمەڵایەتی، تیرۆر، پشێوی، کوشتنی سیاسی و لاوازبوونی دیموکراسی ئەو باجەمان دا".
ئەردۆغان هەروەها باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و بە قۆناخێکی نوێ ناویبرد. هەروەها رەخنەی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت بەوەی دژایەتیی پرۆسەکە دەکات و گوتی: "باشە رۆڵەیەکی ئەم وڵاتە، بۆچی ناڕەحەت دەبێت لەوەی کورد، تورک و عەرەب یەکدی لەباوەش بگرن؟ ئایا ئێوە دەتانەوێت بە هەڵگرتنی شمشێری ئەو وڵاتە رۆژئاواییانەی سکاڵا لە دژی تورکیا تۆمار دەکەن، فیتنە بخەنە نێوان کورد، تورک و عەرەب؟".
ئەردۆغان هەروەها رەخنەی لە بەرپرسانی جەهەپە گرت بەوەی لە هەوڵی تێکدانی پرۆسەی چارەسەرن و گوتی: "هەرچیەک دەیکەن با بیکەن، ئەم جارە سەرکەوتوو نابن. ناتوانن بێنە نێو ئامانجمان و نێوانمان. ناتوانن ئێمە لەم رێگە پیرۆزە بگەڕێننەوە. ناتوانن ئاستەنگ بۆ پرۆسەی لێکردنەوەی کۆتی نیو سەدەیی تیرۆر لە پێی ئەم وڵاتە دروستبکەن".
ئەردۆغان هەروەها جەختیکردەوە، تورکیا دوو ترلیۆن دۆلاری لە بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خەرجکردووە. بەڵام لەمەودوا ئەو سەرچاوە داراییە بەسەر خەڵکی وڵاتەکەدا دابەش دەکات.
ئەردۆغان گوتی: "ئەمە بەو مانایە دێت کە خانەنشین مووچەی زیاتر وەربگرێت، هەروەها بازرگان زیاتر قازانج بکات، خوێندکار سکۆڵەرشیپی زیاتر و پیشەسازان هاندانی زیاتریان پێ بگات".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، لەدوای پرۆسەکە ئیدی قوتابخانە و نەخۆشخانەی زیاتر لە جاران دروست دەکرێن و خۆشگوزەرانی زیاتر دەبێت، بەجۆریک ئەمڕۆ لە دوێنێ باشتر و سبەی لە ئەمڕۆ باشتر دەبن.
پرۆسەی چارەسەر
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند: "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پەکەکە ئاماژەی کرد، "پرسی کورد بە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیکمان ھێناوەتە خاڵی چارەسەری و رۆڵی مێژووییمان هەبووە. بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بە تێکۆشانی چەکداری دراوە".
رۆژی 11ی ئەم مانگە 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەسەر داوای عەبدوڵلا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، چەکیان دانا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ