رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێکی پارێزگای کۆنیای تورکیا، دوای ئەوەی گەنمەکەی لە سایلۆ وەرنەگیرا، رۆژی شەممە، 12-8-2023، بارهەڵگرێک گەنمی بردە بەردەم بارەگای ئاکپارتی و هەڵیڕشت.
ئەو جووتیارە کە ناوی (هاروون سو)ـە، رۆژی شەممە ویستوویەتی ئەو گەنمەی ئەمساڵ بەرهەمی هێناوە، رادەستی سایلۆی بکات و بیفرۆشێت، بەڵام سایلۆ گەنمەکەی لێوەرنەگرتووە. تائێستا نازاندرێت ئەو جووتیارە بە چ هۆکارێک گەنمەکەی لێوەرنەگیراوە.
هاروون سو، بارهەڵگرێکی پڕ لە گەنم دەبات و لە بەردەم بارەگای ئاکپارتی لە شارۆچکەی دۆغانهیسار هەڵیدەڕێژێت. لەوێ دەوەستێت و سەرکۆنەی بەڕێوەبردنی کەرتی کشتوکاڵی دەکات. هەروەها دەڵێت، لەبری پشتیوانی، ئاستەنگ بۆ جووتیاران دروستدەکەن.
ئەو جووتیارە گوتی، "من لە دوێنێوە هاوار دەکەم و باس لەو کێشەیە دەکەم، بەڵام هیچ کاربەدەست و پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی نەهاتووە روونکردنەوە بدات. دڵنیام بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاگاداری ئەو دۆخە نییە. هەروەها نازانێت جووتیار کەوتوونەتە چ پەرێشانییەکەوە و ناشزانێت ئێستا سایلۆ گەنم لە جووتیاران وەرناگرێت".
هاروون سو هەروەها ئاماژەیکرد کە بە پێداگرییەوە بەردەوامدەبێت لە سەرکۆنەکردنی ئەو جۆرە بەڕێوەبردنەی سایلۆکان و وەزارەتی کشتوکاڵ. گوتیشی، "بەرپرسان داوا لە جووتیاران دەکەن ئارام بگرن، کەچی ئەوەتا گەیشتینە کۆتایی وەرزی بەرهەم و جووتیاران لە زەرەر بەولاوە هیچیان نەبینیوە".
ئەو جووتیارە دەشڵێت، "ئەگەر گەنمەکەی لێوەرنەگرن، رۆژانە لە شەقامەکان هەڵیدەڕێژێت و بانگهێشتی خەڵک دەکات تا گەنمی پێویست ببەن و بەخۆڕایی پێیان دەدات. هاوکات سەرکۆنەی حکومەت دەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ