رووداو دیجیتاڵ
موراد قەرەیڵان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەڵێت، بۆ چارەسەری، پێویستە دوو هەنگاوی بنەڕەتی بنرێن و جەخت لەوە دەکاتەوە "هەڕەشە و فێڵ" سوودیان نابێت.
قەرەیڵان، رۆژی شەممە، 13-9-2025، پەیامێکی بۆ 33ـیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی رۆشنبیریی کورد لە دۆرتمۆندی ئەڵمانیا نارد و تێیدا ئاماژەی بەو پرۆسەیەی چارەسەری کردووە کە ئێستا بەردەوامە و بە پێویستی دەزانێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە ئازاد بکرێت.
قەرەیڵان رەخنەی لە دەسەڵات و دەوڵەتی تورکیا گرت بەوەی لەم پرۆسەیەدا هەنگاو نانێن و گوتی، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد پێویستە دوو هەنگاوی سەرەکی بنرێن: "تاوەکو رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت و زمان و کولتووری کوردی ئازاد نەبن، ئاشتیی راستەقینە بەدی نایەت".
قەرەیڵان، بانگەوازەکەی 27ـی شوباتی ئۆجەلانی بیرهێنایەوە و رایگەیاند، ئۆجەلان بەهۆی بینینی جەنگ و مەترسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەڵامی بانگەوازی باخچەلی دایەوە.
"ئێمە بڕیارە گرنگەکەمان پەسندکرد، بەڵام دەوڵەت هەنگاوی نەناوە"
ئەو بەرپرسەی پەکەکە هەروەها گوتی: "ئێمە لە 12یەمین کۆنگرەی پەکەکەدا، ئەو بڕیارە گرنگ و ستراتیجییانەمان پەسند کرد. دواتریش هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێمان کردن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا تاوەکو ئێستا جگە لە چەند هەوڵێکی ئاسایی، هیچ هەنگاوێکی نەناوە".
موراد قەرەیڵان ئامادەیی نیشاندا بۆ هەر هەنگاوێک لە بابەتی پەرەپێدانی ئاشتی و برایەتیی گەلان. هەروەها گوتی: "ئێمە ئامادەین، بەڵام تاوەکو ئێستا دەوڵەتی تورکیا هیچ کردار و هەوڵێکی لەم جۆرەی نیشان نەداوە. جا بۆ چارەسەری، پێویستە دوو هەنگاوی گرنگ بنرێن. یەکەم، رێبەر ئاپۆ دەبێت بە شێوەیەکی فیزیکی ئازاد بێت. دووەمیش، زمانی کوردی و کولتووری کوردی دەبێت ئازاد بن و یەکسانیی کولتووری هەبێت".
قەرەیڵان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئازادیی ئۆجەلان "ئازادیی تاکە کەسێک نییە" و ئۆجەلانی بە دانوستانکاری سەرەکی و لایەنی سەرەکیی گفتوگۆ وەسفکرد.
"لیژنەکە دەبێت لەگەڵ ئەندازیاری پرۆسەکە کۆبێتەوە"
قەرەیڵان رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان پێکهێنراوە ئەندازیاری پرۆسەکەی لە دەرەوە هێشتووەتەوە و گوتی: "باس لەوە دەکەن گفتوگۆ بکەین یان نا! ئەو کەسەی ئەم پرۆسەیەی سازکردووە، (ئۆجەلان)ـە. ئەگەر ئێوەش لیژنەیەکن کە بۆ ئەم پرۆسەیە پێکهێنراون، کەوایە پێویستە ئێوە لەگەڵ ئەندازیارەکەی قسە بکەن. ئەگەر گفتوگۆ بکرێت، بێگومان دەبێت ئازاد بێت. ئەگەر رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، هیچ شتێک بەدی نایەت. هەموو کەسێک دەبێت ئەمە بزانێت. ئەگەر رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت و زیندانەکان پڕ بن، چۆن گەریلا چەک دادەنێت؟ چۆن برایەتیی تورک و کورد بەدی دێت؟"
"هەڕەشە و فێڵ سوودیان نابێت"
قەرەیڵان لە بەردەوامیی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە رێوڕەسمی سووتاندنی چەک کرد کە رۆژی 11-7-2025 لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و گوتی:"ئێمە چەکەکانمان سووتاند! ئەوە شتێکی ئاسان نییە. ئەگەر ئێمە بە ستراتیجییەوە سەیری ئەم پرۆسەیەمان نەکردبا، وامان نەدەکرد. بۆیە هەمووان، بەتایبەتیش دەوڵەتی تورکیا، دەبێت جیدییەتی ئێمە ببینێت"..
موراد قەرەیڵان هەروەها رایگەیاند، پەکەکە ئەو هەنگاوەی لە بێچارەیی نەناوە و گوتی: "ئێمە وەک گەلی کورد، وەک بزووتنەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزین. ئەمە شتێکە دەبێت هەموو کەسێک بیزانێت. لەبەر ئەوە هەڕەشە، یاری و فێڵ سوودیان نابێت، بەڵام ئەگەر راستگۆیی هەبێت، هەر بەڕاستی دەرگای ئێمە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن واڵایە. پێویستمان بەمە هەیە، هەتاوەکو بزانین کە بەڕاستی چووینەتە ناو پرۆسەیەکی ئاشتییەوە".
"دەبێت ئامادەی هەموو ئەگەرێک بین"
قەرەیڵان ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا کرد "مافی هیوا"ی تێدا تاوتوێ دەکرێت و گوتی: "ئەگەر ئەنجوومەنی ئەورووپا دەیەوێت ئاشتی بەدی بێت، ئەگەر بەڕاستی نایەوێت پرۆسەکە بمرێت، دەبێت بەرپرسیارێتییەکانی سەر شانی بگرێتە ئەستۆ. ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و بەخشینی مافی هیوا، دەبنە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە ناوچەکەدا".
قەرەیڵان هەروەها رایگەیاند، چوونەتە قۆناخێکی زۆر گرنگەوە و ئێستا چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە نادیارە. گوتیشی، دەبێت ئامادەی هەموو جۆرە ئەگەرێک بن.
مافی هیوا چییە؟
هەڵسەنگاندنی مافی ئازادکردنی زیندانییە و ئاماژە بەوە دەکات دەبێت هەموو زیندانییەک هیوای ئەوەی هەبێت رۆژێک لە گرتووخانە بچێتە دەرەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببێتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە تاوەکو ئێستا لە تورکیا نەبووەتە یاسا.
ئەگەرچی "مافی هیوا" لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە بەکاردێت و بە دادگەکانی تورکیاش گوتراوە جێبەجێی بکەن، بەڵام تورکیا نەیکردووە. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەمبارەیەوە رەخنەی تووند لە تورکیا دەگرێت و دەڵێت، بەگوێرەی یاسا، دەبێت هەموو زیندانییەک لە دوای 36 ساڵ مانەوە لە ژوورەوە ئازاد بکرێت.
بەگوێرەی ئەو یاسایە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەگەر هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبێت، پێویستە 2036 ئازاد بکرێت.
پرۆسەی چارەسەری
رۆژی 01-10-2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند: "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
رۆژی 11-7-2025 لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانیدا، 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانیان سووتاند و گەڕانەوە بنکەکانیان.
لیژنەیەک بەناوی 'پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی' لە پەرلەمانی تورکیا بۆ راپەڕاندنی کاروباری تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و پێشکێشکردنی پێشنیازە یاسا کارا کراوە.
لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکهاتووە و یەکەمین کۆبوونەوەی کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 5-8-2025 سازکرد.
تاوەکو ئێستا نۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەن و چین و تویژەکان سازکردووە و بەردەوامە لە چالاکی و کۆبوونەوەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ