رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـی تورکیا پێشنیاز دەکات بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێگەی گشتپرسییەوە بخرێتەوە بەردەم خەڵک و بە گوێرەی ئەنجامی ئەو گشتپرسییە بریاری لەسەر بدرێ.
لە کۆبوونەوەی سەرۆکی رێکخستنەکانی پارتەکەی کە رۆژی شەممە 13-12-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ گوتارێکی پێشکێشکرد.
پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد مژاری سەرەکیی گوتارەکە بوو و ئەربەکان گوتی، "ئێمە هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە بەردەوام ئەوەمان گوتووە: دەبێت بابەتی چەکدانان پەیەدە و یەپەگەش بگرێتەوە. گوتوومانە کە تەنیا بە چەکدانانی رێکخراوی پەکەکە ئەم پرۆسەیە تەواو نابێت."
لەبارەی چارەنووسی گەریلا و پرۆسەی چەکدانان ئەربەکان گوتی، "ئێمە وەک پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، پێشنیازی ئێمە ئەوەیە کە بە گشتپرسی بڕیار لەسەر گۆڕانکارییە یاساییەکان بدرێ. ئەگەر گەلەکەمان لە گشتپرسیدا لێخۆشبوون بۆ سەرکردەکانی پەکەکە، لەوانەی لە تاوان تێوەنەگلاون، پشتڕاست بکاتەوە، ئەو کات با لێیان خۆشبن. بەڵام ئەگەر پەسندی ناکەن، با لێیان خۆش نەبن."
بەرپرسانی دەم پارتی و پەکەکەش چاوەڕێی دەوڵەت دەکەن بۆ ئەوەی هەنگاوی یاسایی بنرێ، دواتر پرۆسەی چارەسەری درێژەی پێ بدرێت، بەتایبەتی بابەتی خۆڕادەستکردنەوەی گەریلاکانی پەکەکە پێویستی بە هەمواری یاسایی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ