رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گێچەڵی سێکسی لە نێو پەرلەمانی تورکیادا رۆژی شەممە 13-12-2025 بڕیاری بەندکردن بۆ سێ کەس و بڕیاری ئازادکردن بە مەرجی دادوەری بۆ کەسێک دەرچوو. بەمەش ژمارەی بەندکراوانی دۆسیەکە گەیشتە چوار کەس.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گێچەڵی سێکسی بۆ سەر کچانی قوتابیی ئامادەیی کە بۆ راهێنان لە چێشتخانەی پەرلەمانی تورکیا کاردەکەن، لێپرسینەوە و بەدواداچوون دەستی پێکرد.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی بە داواکاریی گشتی و سەرۆکایەتیی پەرلەمان دراون، ئەو قوتابییە کچانەی لە ئامادەیی پیشەیی دەخوێنن و بۆ راهێنان چوونەتە خواردنگەی پەرلەمان، لەلایەن فەرمانبەرانی پەرلەمانەوە رووبەڕووی گێچەڵ و هەراسانکردن بوونەتەوە.
سکرتاریەتی گشتیی پەرلەمانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە، خێزانی منداڵێک کە گێچەڵی بەرامبەر کراوە، سکاڵایان تۆمار کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لێکۆڵینەوە بەردەوامە و فەرمانبەرێک دەرکراوە؛ هاوکات گرێبەستی دوو فەرمانبەری دیکە هەڵوەشێنراوەتەوە و سزای لادان لە پابەندی بەسەر دوو کەسدا سەپێندراوە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەشدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتییەوە بەڕێوەدەچێت، پێشتر کەسێک گیرابوو.
سێ کەس گیران و کەسێکیش خرایە ژێر چاودێریی دادوەری
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە رایگەیاند، دوای وەرگرتنی گوتەی ئەو چوار کەسەی رۆژی هەینی 12-12-2025 دەستبەسەر کرابوون، رەوانەی حەوتەمین دادگەی سزای ئاشتیی ئەنقەرە کران.
لەنێو گومانلێکراوەکاندا بڕیاری چاودێریی دادوەری بۆ (ر چ) دەرچوو.
هەروەها بە تۆمەتی گێچەڵی سێکسی، بڕیاری بەندکردن بۆ هەریەک لە (د ئـ) ، (ر س) و (ب ئـ) دەرکرا.
ژمارەی ئەوانەی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا بەندکراون بۆ چوار کەس بەرزبووەوە.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە هەروەها دەڵێ، لێکۆڵینەوەکە بە وردی و لە هەموو لایەنێکەوە بەردەوامە.
چی روویدابوو؟
دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە لە چێشتخانەی پەرلەمان فەرمانبەرێک گێچەڵی سێکسی بە قوتابییە کچەکانی ئامادەیی کردووە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە رۆژی پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، لەبارەی بابەتەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، یەکێک لە قوربانییەکان بەناوی (د.ک) کە لەلایەن ئەو فەرمانبەرەی پەرلەمانەوە رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بووەتەوە، لە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025 سەردانی لقی منداڵانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنقەرەی کردووە و سکاڵای تۆمار کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە درابوو، کچە قوربانییەکە رایگەیاندووە، کاتێک لە پەرلەمان راهێنانی کردووە، گومانلێکراوێک بەناوی (هـ.ئـ.گ) کە لە چێشتخانەی پەرلەمان کاری دەکرد، گێچەڵی سێکسی پێکردووە و هەوڵیداوە دەستدرێژی بکاتەسەری.
داواکاری گشتی رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە. لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا، گومانلێکراو (هـ.ئـ.گ) لە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەستبەسەرکرا و بە بڕیاری دادگە دەستگیر کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ