رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتنیان تاوتوێکرد.
رۆژی هەینی، 1ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراویدا هەواڵی ئەنجامدانی پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان هاکان فیدان و عەباس عێراقچی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەردوو وەزیر بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کردووە و تاوتوێی دوایین دۆخی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایان کردووە.
پەیوەندییەکە لە کاتێکدایە، میدیای فەرمیی ئێران ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، تاران لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا پێشکێش کردووە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییەی لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات دروستبووە.
میدیای فەرمیی ئێران وردەکاریی زیاتری لەبارەی نێوەرۆکی پێشنیازە نوێیەکەی ئێران بڵاونەکردووەتەوە و هێشتا روون نییە تاران چ جۆرە نەرمییەک یان مەرجێکی نوێی خستووەتەڕوو.
دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە تەواوی وەستاون. دوای ئەو شەڕە 40 رۆژییەی لە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، هەردوو وڵات تەنیا یەک خولی دانوستانیان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە و داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە دانوستاندنەکان بێ ئەنجام بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ