رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا باسی لە هەوڵەکانی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کرد و رایگەیاند، ریسکێکیان کردووە هیچ سیاسەتڤانێک نایکات.
کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی، نیوەڕۆی چوارشەممە، 14-5-2025، بەڕێوەچوو و تێیدا ئەردۆغان گوتاری پێشکێش کرد، رایگەیاند، بڕیاری چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە قۆناخێکی نوێیە لە "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە قۆناخی پێکەوەژیان و دیموکراسییە".
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "کۆماری تورکیا بە دۆست و دوژمنی نیشانداوە کە دەتوانێت بە ویستی گەلەکەی، دەوڵەتەکەی و هێزی خۆی، کێشەکانی چارەسەر بکات".
تورگوت ئۆزاڵ، هەشتەمین سەرۆککۆماری تورکیا لە سەرەتای ساڵانی 90ـی سەدەی رابردوودا هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کوردی دا، بەڵام بە شێوەیەکی تەمومژاوی کۆچی دواییکرد. ئەردۆغان گوتی: "لە سەردەمی خوالێشبوو ئۆزالەوە چەندین دەستپێشخەریی نیازپاکانەی تایبەت بەم بابەتە کران. تەواوی ئەو دەستپێشخەرییانە بەهۆی دەستی نێوخۆیی و دەرەکی، هەروەها بەهۆی حسابی جۆراوجۆرەوە، شکستیان هێنا".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە ریسکێکمان کرد کە هیچ سیاسەتڤانێک نایکات. چووینە ژێر باری زۆر قورسەوە. بەداخەوە لەم هەوڵە راستگۆیانەماندا لەلایەن ئەوانەی مەبەستی تاریک و خوێناوییان هەیە، هێرشمان کرایە سەر... ئێمە وەکو دەوڵەت و گەل بە قورسترین شێوە بە تیرۆر تاقیکراینەوە. باجەکەیمان دا و پەندمان وەرگرت. لە کۆتاییدا گەیشتینە قۆناخی رزگاربوونی یەکجارەکی لەم بەڵایە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ