ئەردۆغان بۆ لۆبییەکانی پشتیوانیی پەکەکە: دەمانەوێت لەمەودوا لە ریزەکانی تورکیا بتانبینین

14-05-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا داوای لەو لۆبییانە کرد کە لە وڵاتانی جیهان پشتیوانی لە پەکەکە دەکەن، لەمەودوا لەبری دژایەتیکردنی حکومەتی تورکیا کاری بۆ بکەن.
 
کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی رۆژی چوارشەممە، 14-5-2025، لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو و تێیدا ئەردۆغان گوتاری پێشکێشکرد.
 
بەشێک لە گوتارەکەی ئەردۆغان تایبەت بوو بە پرۆسەی چارەسەری و بڕیاری چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
 
ئەردۆغان رووی دەمی کردە ئەو لۆبییانەی لە وڵاتانی جیهان چالاکی بۆ پەکەکەی دەکەن و گوتی: "لۆبییە پشتیوانەکانی رێکخراوەکە لە ئەورووپا و شوینەکانی دیکەی جیهان، ئیدی لەبری چالاکییەکانیان دژی تورکیا، دەمانەوێت لە ریزی وڵاتەکەمان بیانبینین. ئارەزوو دەکەین لەمەودوا ناوی تورکیا لەگەڵ تیرۆر نەیەت، بەڵکو بە تەکنەلۆجیا، کولتوور، هونەر و بەرزبوونەوەی ستانداردەکانی پەرەپێدانی مرۆیی یادی بکرێتەوە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا سوپاسی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ هاوسەرۆکانی دەم پارتی، سری سورەییا ئۆندەر و سەرۆکی جەهەپە و سەرۆکی پارتەکانی دیکەشی کرد و گوتی: "ئەگەر ئەم قۆناخەی پێیگەیشتووین سەرکەوتنە، خاوەنەکەی تەواوی 86 ملیۆنی وڵاتەکەمانە. لە دەم پارتی، بەناوی گەلەکەمەوە سوپاسی خوالێخۆشبوو سری سورەییا ئۆندەر و تەواوی ئەوانەی بە بەرپرسیاریەتییەوە کاریان کرد، هەروەها سوپاسی هاوسەرۆکان و سیاسەتڤانانیان دەکەم".
 
ئەردۆغان گوتی، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەی 2023دا خۆی و پارتەکەی سەرکەوتنیان تۆمار نەکردبا، پرۆسەی ئاشتی نەدەگەیشتە ئەم قۆناخەی ئێستا. 
 
ئەردۆغان زیاتر لەبارەی پرۆسەی چارەسەری قسەی کرد و گوتی: "دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیمان بە وردی چاودێریی ئەوە دەکات کە ئایا بەڵێنەکان دەبرێنە سەر یان نا. کاتێک رێکخراوەکە ئەوە جێبەجێ دەکات کە دەکەوێتە سەر شانی، ئیدی قسەکردن لەسەر بابەتەکانی دیکە، کاری سیاسییە. بانگهێشتی هەمووان دەکەین بە گەشبینییەوە چاودێریی پێشهاتەکان بکەن. لەمەودوا سەربازانمان ئەرکی بەرپرسیاریەتییان بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان و ئەرکەکانیان لەودیو سنوور لەکاتی پێویستیدا، بە شێوەیەکی ئاسوودەتر و لە ئاسایشدا رادەپەڕێنن".
 
ئەردۆغان گوتی، ئەو ناوچانەی مەترسیی شەڕیان لەسەر بوو، لەمەودوا دەبنە شوێنی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان؛ گوتیشی: "ئێمە دەستمان بە سوودوەرگرتن لەو سەرچاوانە کردووە کە ماوەی 40 ساڵە بەهۆی تیرۆرەوە نەدەتوانرا سوودی لێ ببینرێت".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو