ئەردۆغان بۆ ترەمپ: تورکیا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات

14-06-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای گوت: ئەوەی لەدەستی تورکیا بێت بۆ هێورکردنەوەی گرژیی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەیکات.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆشکی کۆماریی تورکیا ئەمشەو 14-6-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا باسی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلیان کردووە و رەجەب تەیب ئەردۆغان بە دۆناڵد ترەمپی گوتووە، "تورکیا ئامادەیە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ئەوەی لەدەستی بێت بیکات".
 
ئەردۆغان کە بەردەوام جەخت لەسەر گرنگیی دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئەتۆم دەکاتەوە، بە سەرۆکی ئەمریکای گوتووە: "بەردەوامبوونی دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئەتۆم، زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ئێران و ئەمریکا".
 
هەر ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەک لە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، ڤیلادیمیر پووتین سەرۆکی رووسیا، محەممەد سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری کاتیی سووریا، شاعەبدوڵڵای دووەم و چەند بەرپرسێکی دیکە سازکرد و لە هەموو پەیوەندییەکاندا شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران مژاری سەرەکی بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە