رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆکی رووسیا دەکات و دەشڵێت، "پێکەوە لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنی تایبەت بە گواستنەوەی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە هاوڕاین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای بەشداریکردنی لە نوێژی هەینی لە ناوچەی ئوسکودار لە ئیستەنبووڵ، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە گوتی، "ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی لە مانگی ئابدا میوانداریی بەڕێز پووتین بکەین لە تورکیا. هەردوولا هاوڕاین لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە کە رۆژی 17ی تەممووز کۆتایی دێت".
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەشکرد، ئەنتۆنیۆ گوتیرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نامەیەکی بۆ ڤلادیمیر پووتین ناردووە و گوتی، "هیوادارم لە رێگەی ئەو نامەیە و هەوڵی هاوبەشی ئێمە و رووسیا، درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە مسۆگەر بکەین. لەو رێگەیەوە بەردەوام دەبین لە چارەسەرکردنی کێشەی وڵاتانی هەژاری کیشوەری ئەفریقا".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بەوەی "ئایا دوای لووتکەی ناتۆ لاپەڕەیەکی تازە لە نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپادا هەڵدەدرێتەوە و گۆڕانکاری روودەدات؟" ئەردۆغان گوتی، "لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆمان کرد و پێمان گوتن 'دەمانەوێت سەبارەت بە تورکیا هەنگاوی ئەرێنی بنرێت کە 52 ساڵە لە چاوەڕوانیدا هێڵدراوەتەوە".
لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا-یۆنان و گفتوگۆیان لەگەڵ کیریاکۆس میچۆتاکیس سەرۆکوەزیرانی یۆنان، ئەردۆغان گوتی: "پێم وایە هەردوولا هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەبێت وەک دوو دراوسێ و دۆستی یەکدی لەگەڵ یەکدا بژین. وەک دوو سەرکردە کە توانیمان لە هەڵبژاردندا سەربکەوین، خوازیارین هەنگاوەکانمان بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا بنێین".
رۆژی 7ی تەممووزی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە و سەرۆکی ئۆکراینا رەزامەندی دەربڕی بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە دەریای رەش و خواستی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی تورکیا وەک لە سەرەتای رێککەوتنەکەدا، سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات.
رۆژی 22ی تەممووزی 2022، بە سەرپەرشتیی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا "رێککەوتنی دەستپێشخەری بۆ ناردنی دانەوێڵە و خۆراک لە بەندەرەکانی ئۆکراینا"وە لە نێوان تورکیا، رووسیا، ئۆکراینا و نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا.
لە ساڵی 2021دا ئۆکراینا 19 ملیۆن تۆن گەنمی هەناردەکردووە، ئەو بڕە لە ساڵی 2022 بۆ نزیکەی 14 تۆن و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵیش بۆ نزیکەی 8 ملیۆن تۆن کەمببێتەوە.
لە بەرامبەردا، هەناردەی گەنمی رووسیا لە 2021ـدا 33 ملیۆن تۆن و ساڵی رابردووش 44 ملیۆن تۆن بووە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بگاتە 46 ملیۆن تۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ