رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، مۆڵەت بە داواکاری گشتیی ئەنقەرە دراوە بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری کوردی جەهەپە دەستپێبکات.
دوای کۆبوونەوەیەکی لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تانریکوڵو گوتی:"سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد. بێگومان لێکۆڵینەوەکە بەگوێرەی بڕگەی چوار لە مادەی 301 لە یاسای سزای تورکی و مۆڵەتی وەزارەتی داد دەکرێت. دۆسیەکە لەبارەی مۆڵەتەوە هات و مۆڵەتی پێدرا''.
سەبارەت بە تۆمەتی سەر ئەو پەرلەمانتارە کوردەی جەهەپە، وەزیری دادی تورکیا گوتی: "ناگونجێت لێدوانەکانی ئەو پەرلەمانتارەی باسی دەکەین دەرهەق بە سوپاکەمان قبووڵ بکرێت و پێشوازی لێبکرێت. بێگومان ئەو رستانەی بەرامبەر سەربازانمان بەکاریهێناوە کاردانەوەیان دەبێت".
وەزیری دادی تورکیا راشیگەیاند، دوای تەواوبوونی رێکارەکان، سکاڵانامەکە رەوانەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی دەکەن، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی پەرلەمانی تورکیا بکرێت. هەروەها دوای گەیشتنی بە پەرلەمان، لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان یەکلا دەکرێتەوە.
هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-9-2023 لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە قایمقامانی تورکیا لە ئەنقەرە باسی لەو گوتانەی سەزگین تانروکوڵو لەبارەی سوپاسی تورکیا کرد و گوتی: "ئەو بەناو پەرلەمانتارە، بەڵام زڕ تیرۆریستە! سەیرکەن چۆن و چ قسەیەک لەبارەی سەربازی منەوە دەکات. ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا (تەسەکە) لە گابار، ئەو ناڕەحەت دەکەن. دەوڵەت وەڵامی ئەو بەناو پەرلەمانتار و زڕ تیرۆریستە دەداتەوە".
جەهەپە پشتگیری لە پەرلەمانتارەکەی ناکات
فایق ئۆزتراک، گوتەبێژی جەهەپە رۆژی شەممە، 9-9-2023 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا وەڵامی سەزگین تانریکوڵوی دایەوە و رایگەیاند "لێدوانەکانی سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری دیاربەکر سەبارەت بە هێزە چەکدارەکانی تورکیا کە نووری چاوی گەلەکەمانن، جێگەی قبوڵکردن نین."
ئۆزتراک هەروەها باسی لەوە کرد "ئەو پرسانە لە لیژنەکانی پارتەکەیاندا تاوتوێ دەکرێن".
سەزگین تانریکوڵو چی لەبارەی سوپای تورکیاوە گوتووە؟
سەزگین تانریکوڵو، کە هاوکات پارێزەریشە، 8-9-2023 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لە رێگەی تەلەفۆنەوە، رەخنەی لە سوپای وڵاتەکەی گرت و ئاماژەیکرد، بەگوێرەی ئەو دۆسیانەی لە دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بەدواداچوونیان بۆ دەکات، سوپای تورکیا تۆمەتبارە بە فڕێدانە خوارەوەی 15 گوندنشین لە هەلیکۆپتەرەوە. گوتیشی:" فڕێدانی ئەو 15 گوندنشینە لە هەلیکۆپتەر، لە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا یەکلایی بووەتەوە، هەروەها هێزە چەکدارەکانی تورکیا گوندیان سووتاندووە و بۆردوومانیان کردووە".
گوتەکانی تانریکوڵو کاردانەوەی بەشداربووەکانی دیکەی بەرنامەکەی لێکەوتەوە کە لە ستۆدیۆ ئامادەبوون. ئەوان ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپەیان تۆمەتبار کرد بەوەی "لە بری رەخنەگرتن لە پەکەکە، رەخنە لە سوپای تورکیا دەگرێت و بەردەوام بەها نەتەوەییەکان پشتگوێ دەخات، سووکایەتی و بوختانی ناشیرین هەڵدەبەستێت".
تانریکوڵو: سوپای تورکیا چەندین گوندی سووتاندووە
سەزگین تانریکوڵو لە وەڵامدا گوتی، "دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، هەشت بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەی دۆسیەی فڕێدانی 15 گوندنشین لە هەلیکۆپتەر دەرکردووە. ئەو هەموو گوندە کێ سووتاندنی؟ ئەو سوپایەی کە لە رووسیاوە هاتبوو؟ رووداوەکانی رۆبۆسکی هێشتا تازەن، ئایا ئەو فڕۆکانەی لە رووسیا هاتن، یان ئەو فڕۆکانەی لە ئەرمینیاوە هاتن، بۆردوومانیان کرد؟ هەموو کارێک کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەیکات دوور نییە لە رەخنە، ئێمە پەرلەمانتارین و لێپرسینەوە دەکەین. ئێمە بۆ نەهێشتنی ئەو جۆرە گومانانە لەسەر هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئەو لێپرسینەوەیە دەکەین".
تانریکوڵو سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان چی دەڵێت؟
تانریکوڵو سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا نووسیویەتی "داواکاری گشتیی ئەنقەرە بە رای گشتی راگەیاندووە لێکۆڵینەوە لە دژی من دەستیپێکردووە. لێرەدا دوو بابەت هەن. یەکەم؛ خۆبەخاوەنزانینی پەرلەمانتاران و سەرکردەکانی ئاکپارتی لەو پێشێلکارییە جددییانەی بە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا سەلمێنراون، کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین و بەر لە دامەزراندنی ئاکپارتی بەرامبەر بە کورد کراون بە پاساوی بەردەوامیی کارەکانی دەوڵەت، جارێکی دیکە داننانە بەو راستییەی ئاکپارتی خاوەنی نوێی دەوڵەتی قوڵە. دووەم؛ لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئەنقەرە کە دەبوو بە دوای باند و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و گەندەڵکاراندا بڕوات، کەچی لە رۆژێکی پشوودا لەبارەی منەوە دەستیپێکردووە و بۆ رای گشتی راگەیاندووە، نابێت پشتگوێ بخرێت."
تانریکوڵو هەروەها دەڵێت، "راستییەکانی رابردوو بەپێی بارودۆخی سیاسیی ئێستا ناگۆڕدرێن. لە خوارەوە بە کورتی دوو دۆسیە باس دەکەم کە دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا سزای بەسەر تورکیادا سەپاندووە: یەکەم بڕیار سەبارەت بە رووداوەکەی تشرینی یەکەمی ساڵی 1993 ـیـە لە شارۆچكەی پاسووری دیاربەکر، کە چۆن 11 گوندنشین لەدەستچوون. دەوڵەت نکۆڵی لەوە دەکات کە ئەم گوندنشینانە دوای ئەوەی بە هێلیکۆپتەر براون، دیارنەماون، بەڵام کەسوکاری ئەو 11 کەسە گەواهیدەری ئەوەن ئەوانە بێسەروشوێن کراون."
سەزگین تانڕیکوڵو سەبارەت بە دۆسیەی دووەمیش رایگەیاند، ئەو دۆسیەیە بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپایە سەبارەت بە بۆردومانی گوندەکانی کوشکۆنار (گەڤەر) و کۆچاگیلی (بێشوکێ) لە شرناخ و کوشتنی 33 گوندنشین بە فڕۆکەی جەنگی. راشیگەیاند، ئەوانەی باسیان لێوە دەکات، بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپان، نەک قسەی ئەو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ