رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی قەتەر دەکات و بەشداری لە لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی دەکات.
بەگوێرەی پلان، ئەردۆغان رۆژانی 14 و 15ی ئەیلوول لە قەتەر دەبێت و جگە لە لووتکەکە، چەند کۆبوونەوەیەکیش سازدەکات.
لە زۆربەی کۆبوونەوە و گوتوێژەکاندا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەرپرسانی حەماس لە دەوحە، مژاری سەرەکی دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە لەدوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل، رۆژانی 14 و 15ی ئەیلوول وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە لووتکەیەکی نائاساییدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەردا بابەتەکە تاوتوێ دەکەن.
ئیسرائیل رۆژی سێشەممە 9-9-2025 هێرشی مووشەکیی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر و رایگەیاند، سەرکردە باڵاکانی حەماس، لەنێویاندا شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوە فەلەستینییەکەی کردووەتە ئامانج، ئەوەش لەکاتێکدا شاندەکە سەرقاڵی گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پێشنیازێکی ئاگربەست.
بەگوێرەی ئاماری سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و قەتەر لە کۆتایی ساڵی 2023دا گەیشتە سەرووی 1.3 ملیار دۆلار. هەروەها ساڵی 2024 ئەو قەبارەیە 1.1 ملیار دۆلار بووە.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، پەیوەندیی بازرگانیی نێوان قەتەر و تورکیا بە لەبەرچاوگرتنی نزیکیی هەردوو وڵات، پەیوەندیی مێژوویی و پێداویستییەکانی هەردوو لا، توانای بەرەوپێشچوونی زیاتری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ