پەروین بوڵدان: گوتەکانم لەبارەی پرۆسە بە هەڵە لێکدراونەتەوە

14-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، ئەو گوتانەی لەبارەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پرۆسەی چارەسەری کردوونی، 'بە هەڵە لێکدراونەتەوە'. 
 
دوای ئەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا باسی پرۆسەی چارەسەری و رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کرد، پەروین بوڵدان رووبەڕووی کاردانەوە بووەوە و لەلایەن راوێژکاری سەرۆککۆمارەوە رەخنەی لێگیرا. 
 
دوای کاردانەوەکان، پەروین بوڵدان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "عەبدوڵڵا ئۆجەلان رەخنە لەو زمانە دەگرێت کە لە راگەیاندنەکان دا دژی پرۆسەکە بەکاردێت. منیش هەوڵمدا ئەمە بگوازمەوە. هەرگیز بانگەوازم بۆ بێدەنگکردنی هیچ کەناڵێک، رۆژنامەڤانێک یان شرۆڤەکارێک نەکردووە. شێوازی بیرکردنەوەی ئێمەش بەتەواوی دژی ئەمەیە."
 
بوڵدان لەبارەی دەستەواژەی "بەشداریکردنی ئەرێنی" گوتی: "بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت، پێویستە دەسەڵات هەنگاوی بونیادنەرانە بنێت، هەموارکردنی یاسا خێراتر بکرێت و زەوینەی گفتوگۆ بڕەخسێندرێت. ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە پێی دەڵێین 'بەشداریکردنی ئەرێنی'. ئەگەر دەسەڵات بە شێوەیەکی بونیاتنەرانە هەنگاو لەبارەی پرۆسەکە بنێت، زمانی کۆمەڵگەش نەرمتر دەبێت. لێرەدا مەبەستمان سانسۆر نییە، بەڵکو بەهێزکردنی زمانی ئاشتییە."
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، پرۆسەکە "بەهێواشی و سەختی" پێشدەکەوێت و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنەکان هەڵوێستێکی بونیاتنەرانەتر نیشان بدەن.
 
لەبارەی چاوەڕوانیی هەنووکەیی دەم پارتی، بوڵدان دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت پرۆسەکە خێراتر بێت، کەناڵەکانی گفتوگۆ کراوە بن. ئەمەش لە زمانی سیاسەت و راگەیاندندا رەنگ دەداتەوە. ئەو شتەی کە گوتمان زۆر سادەیە، بەڵام بەداخەوە بە ئاقاری جیاوازدا بردرا".
 
پەروین بوڵدان هەروەها بە پێویستی زانی، دەسەڵاتەکانی ئەو کۆمیسیۆنەی دەچێتە ئیمراڵی روون بکرێنەوە و هەموارکردنەوەی یاساییش بکرێت.
 
بوڵدان چی گوتبوو؟
 
پەروین بوڵدان، لە بەرنامەیەکدا رایگەیاندبوو: "هێشتا زۆر کەناڵ و شرۆڤەکار زمانی دوژمنکارانەی رابردوویان بەردەوامە و ئەم لایەنانە نیازی چارەسەر و ئاشتییان نییە، بەڵکو دوژمنایەتییان هەیە".
 
راوێژکاری ئەردۆغان چۆن وەڵامی دابووەوە
 
لە گوتارێکیدا کە رۆژی یەکشەممە 12-10-2025 سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری نووسی، محەممەد ئوچوم، راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی پەروین بوڵدانی لە بابەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دایەوە.
 
ئوچوم رایگەیاند، لە پرۆسەیەکدا کە سنوورەکانی دیاریکراون، ناتوانرێت هەموو داواکارییەک هەڵبسەنگێنرێت. 
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها ئاماژەی کرد، تەنانەت عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش دژی ئەو داواکارییانە وەستاوەتەوە، کە سەبارەت بە خۆی خراونەتەڕوو.
 
ئەو راوێژکارەی ئەردۆغان هەروەها دەڵێت، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، زۆر گرنگە تەواوی ئەو کەس و لایەنانەی هەوڵ بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە دەدەن، لەبارەی زمانی پرۆسەکە زۆر وریابن. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە