رووداو دیجتیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە 'رێبەری دامەزرێنەر' وەسفکرد و رایگەیاند کە بانگەوازەکەی ئیمراڵییان بە بنەما وەرگرتووە.
لایەنەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە کۆدەنگی لەمەڕ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان. لە چەند بابەتێکدا مشتومڕ لەسەر مەبەستی راستەقینەی ئۆجەلان دەکرێت.
یەکێک لەو بابەتانە چەکدانانی پەکەکەیە کە بەرپرسانی حکومەت دەڵێن، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ش دەگرێتەوە، بەڵام دەم پارتی ئەمە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، سووریا وڵاتێکی دیکەیە.
باخچەلی لەمبارەیەوە گوتی: "جگە لە روونکردنەوەکەی 27ـی شوباتی ئیمراڵی، هیچ گوتە، تێز، داواکاری و هەڵسەنگاندێک بەڕای ئێمە حوکمی نییە. روونکردنەوەکەی 27ی شوباتی رێبەری دامەزرێنەر بۆ ئێمە بنەمایە. هەر مرۆڤێکیس کە لە سەر ئەم بنەمایە بڕوات، مرۆڤێکی ژیرە".
سەرۆکی مەهەپە هەروەها پرۆسەی چارەسەریی بە ئامانجی هاوبەشی تورکیا ناوبرد و گوتی: "ئەوانەی ئەم ئامانج و ئارەزووە بە هەدەر دەبەن، لەڕووی رەوشت، مێژوو، ویژدان و سیاسەتەوە رووبەڕووی ئەنجامی زۆر قورس دەبنەوە".
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دامەزراوە، بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی.
ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی چوارشەممە 15-10-2025 لە 15یەمین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژنان و گەنجان کۆدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ