رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهاتووە کۆدەبێتەوە و لەبارەی پرۆسەکەوە گوێ لە وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا دەگرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، کۆمیسیۆنەکە کاژێر 15:00 ـی رۆژی سێشەممە 18ـی تشرینی دووەم بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، 17یەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات.
هەریەک لە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ، یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بەشداری دەکەن و لە بارەی پرۆسەکەوە زانیاریی دەدەنە ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە.
پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە بە رووی میدیاکان دا داخراو بێت.
بەپێی بەشێک لە میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات، لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەدا دەنگدان لەسەر سەردانی شاندێكی کۆمیسیۆنەکە بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی دەکرێت.
سەردان بۆ ئیمراڵی پێویستی بە زۆرینەی رەها (سێ لەسەر پێنجی دەنگەکان، واتە 31 دەنگ)ی ئەندامانی کۆمیسیۆن دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە رۆژانی رابردوودا لەبارەی سەردانی کۆمیسیۆنەکە بۆ ئیمراڵی گوتبووی: "بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەکە، هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەکرێت بنرێت، بەڵام کۆمیسیۆنەکەمان لە پەرلەمان ئەو بڕیارە دەدات."
بڕیار بوو کۆمیسیۆنەکە 17یەمین کۆبوونەوەی خۆی رۆژی پێنجشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2025 بکات، بەڵام رۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی تورکیا لەسەر سنووری ئازەربایجان- جۆرجیا کە تێیدا 20 سەرباز گیانیان لەدەستدا، کۆبوونەوەکە دواخرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ