تورکیا
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی بە رێپێوان لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەی چوونە بەردەم پەرلەمان.
رووداو دیجیتاڵ
رێپێوانی 'بودجە بۆ نان و ئاشتی' کە رۆژی 12ی کانوونی یەکەم لەلایەن پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئێلیهـ، هاتای، ئایدن و تەکیرداغەوە دەستیپێکرد، ئەمڕۆ یەکشەممە بە گردبوونەوەیەک لە ئەنقەرە کۆتاییهات.
هاوسەرۆکانی گشتی، تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، پێشوازییان لە ئەندامانی دەم پارتی کرد کە لە چوار قۆڵەوە بەرەو دەرگای پەرلەمانی تورکیا رێپێوانیان کرد.
ئەو نامانەی لەو پارێزگایانەوە کۆکرابوونەوە کە رێپێوانەکەیان لێوە دەستپێکرابوو و پێشنیازەکانی پەیوەست بە بودجەیان تێدابوو، بۆ ئەوەی بگەیێندرێنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، رادەستی هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی کران.
هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند، لە پەرلەمان تێدەکۆشین بۆ ئامادەکردنی بودجەیەکی دادپەروەرانە، لەپێناو کرێکاران و رەنجدەران.
هەروەها گوتی: "لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر بودجەکە، ئاکپارتی و مەهەپە تەنانەت یەک پیتیشیان نەگۆڕی".
هاتیمۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوە کرد، دەنگی "نەخێر" بەو بودجەیە دەدەن و جەختیکردەوە کە ئەو بودجەیە وەڵامی داواکاریی کرێکاران، جووتیاران، کرێکارانی کانەکان، مامۆستایانی دانەمەزراو، گەنجان و ژنان ناداتەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بە بوونی هەڵاوسانێکی بەرز لە وڵاتەکە کرد و رایگەیاند، دەسەڵات بارگرانیی باجی خستووەتە سەر شانی کرێکاران، خانەنشینان، کاسبکاران و جووتیاران.
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان کە ئێستا کۆبوونەوەکان بۆ دیاریکردنی کەمترین بڕەمووچە بەردەوامن و دەم پارتی پێشنیازی کردووە و بە پێویستی دەزانێت کە کەمترین بڕەمووچەی تورکیا 46 هەزار لیرە بێت (هەزار و 77 دۆلار) بێت.
هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی هەروەها دەڵێن، لە پەرلەمان و شەقامیشدا لە تێکۆشان لەپێناوی بودجەیەک کە لە بەرژەوەندیی کرێکاران و رەنجدەراندا بێت، بەردەوام دەبن.
دیدار و کۆبوونەوەکانی تایبەت بە بودجەی 2026 لە پەرلەمانی تورکیا بەردەوامن. بودجەی وەزارەتەکان بە نۆرە لە پەرلەماندا تاوتوێ دەکرێن و لە کۆتاییدا دەخرێنە دەنگدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ