لە ساڵیادی کودەتاکەی تورکیا ئۆپەراسیۆن دژی گولەنییەکان دەستیپێکرد

15-07-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە 60 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان ئۆپەراسیۆنێکیان دژی جەماعەتی گولەنییەکان دەستیپێکرد. پارێزگای ئیزمیر ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکەیە. 
 
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی-میت و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ لە 60 پارێزگا دەستیپێکرد دوای ئەوەی فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ 317 کەس دەرکرد.
 
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە نۆ پارێزگا 26 کەس بە تۆمەتی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ جەماعەتی گولەنییەکان دەستبەسەرکران. 
 
هەروەها بە تۆمەتی  "کار و چالاکییەکانی دارایی رێکخستنەکە"، قەیووم خرایە سەر هەردوو کۆمپانیای هاکمار و تاتباک کە نزیکەی 800 لقی مارکێتیان هەیە. 
 
ئۆپەراسیۆنەکە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ساڵرۆژی "کودەتای 15ی تەممووز" ـە و جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن بە هەوڵدان بۆ کودەتاکە تۆمەتبار دەکرێن.
 
حکومەتی تورکیا بزووتنەوەی خزمەت یان جەماعەتی گولەنییەکانی خستووەتە لیستی تیرۆر و بە رێکخستنی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمموزی 2016 تۆمەتبار کراون، بەڵام گولەنییەکان رەتیدەکەنەوە دەستیان لە هەوڵی کودەتادا هەبووبێت.
 
دوای هەوڵی کودەتا شکخستخواردووەکەی 15ی تەممووز، نزیکەی 700 هەزار کەس دادگەیی کران و نزیکەی سێ هەزار شوێنکەوتووی گولەن بۆ بەندکردنی تاهەتایی سزادراون.
 
125 هەزار کەسی دیکە لە دامودەزگاکانی حکومەت دوورخرانەوە، لەنێویاندا 24 هەزار سەرباز و هەزاران دادوەر. تورکیا بەردەوام شوێنکەوتوانی گولەن دەستبەسەر دەکات و داوای رادەستکردنەوەیان لەو وڵاتانە دەکات، کە بزووتنەوەکە تێیدا چالاکە.
 
فەتحوڵڵا گولەن، رێبەری گولەنییەکان شەوی یەکشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە تەمەنی 83 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد. فەتحوڵڵا گولەن، لە ساڵی 1999 ـەوە بەهۆی کێشەی تەندروستی چووە ئەمریکا، تاوەکو کۆچی دواییکرد، هەر لەوێ مایەوە. تەرمەکەشی هەر لەوێ نێژرا.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە