رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی لەبارەی چەکدانانی پەکەکە و دامەزراندنی کۆمسیۆنی پەرلەمان لە کۆبوونەوەدایە.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەمموزی 2025 بە سەرۆکایەتی تونجەر باکرهان و تولای حاتیمئۆغوڵڵاری هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە ئەنقەرە دەستیپێکرد.
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی دەم پارتییە دوای ئەوەی هەینی رابردوو 11ـی تەمموز ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەک ئاماژەیەکی نیازپاکی لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا و سووتاندیان.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا دیدارەکانی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و وەزیری دادی تورکیا کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێن گفتوگۆ دەکرێن.
هەروەها دۆخی گشتیی پرۆسەی چارەسەری هەڵدەسەنگێندرێت دوای پێشهاتەکەی هەینی رابردوو کە ئەوەی گرووپەی چەکەکانی خۆیان سووتاند رایانگەیاندبوو، ئیدی نۆرەی حکومەتی تورکیایە هەنگاو بنێت.
چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەکە، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ