نورهان گەیێندرایە نەخۆشخانە؛ دەگوترێت هەوڵی خۆکوشتنی داوە

15-09-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەکتەر و سینەماکاری تورکیا ئوفوک ئۆزکان کە لە هەرێمی کوردستان دا بە نورهان دەناسرێت، ئەمڕۆ گەیێندرایە نەخۆشخانە و بەشێک لە نزیکەکانی دەڵێن، هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
 
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 15-9-2025 لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی بێشکتاسی ئیستەنبووڵەوە گەیێندرایە نەخۆشخانە، ئوفوک ئۆزکان بووە رۆژەڤی تورکیا.
 
بەشێک لە سەرچاوەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئۆزکان لە ماڵەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە. ئەو سەرچاوانە هەواڵەکەیان بەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە دوێنێ یەکشەممە ئەو ئەکتەرە لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "هەبوو نەبوو".
 
بەشێکی دیکە لە سەرچاوە هەواڵییەکان ئەمە رەتدەکەنەوە و بڵاویانکردووەتەوە کە ئەو ئەکتەرە بەهۆی بەکارهێنانی لە رادەبەدەری پۆدرەی جوانکاری، تووشی ئەگزیما بووە و پزیشک پێیگوتووە کە دەبێت ماوەیەکی باش پشوو بدات.
 
بەگوێرەی گوتەی پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی تێیدا خەوێندراوە و چارەسەری پێدەدرێت، دۆخی تەندروستیی ئۆزکان باشە. 
 
ئوفوک ئۆزکان ئەکتەر و سینەماکارە و ساڵی 1975 لە ئەڵمانیا لەدایکبووە. دایکی خەڵکی ترابزۆنە و باوکی خەڵکی سامسونی تورکیایە.
 
ئۆزکان بەشداریی لە چەندین فیلم و درامادا کردووە. یەکێک لەوانە زنجیرە درامای (کچە دەوڵەمەند و کوڕە هەژار) بوو کە لەوێدا رۆڵی نورهانی بینیوە. هەر بۆیەش لە زۆر شوێندا بە نورهان دەناسرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە