رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، سەردانی شاری ئامەدی باکووری کوردستان دەکات.
کۆمیسیۆنەکە رۆژی هەینی 17 ـی تشرینی یەکەمی 2025 بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانیی ئامەد و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی شارەکە کۆدەبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێ ئەو شاندە کاژێر 10 ـی بەیانی رۆژی هەینی لە شاری ئامەد بن.
ئەندامانی کۆمیسیۆن سەرەتا بەشداری رێوڕەسمی کردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی زانکۆی دیجلە دەکەن. دواتر نوعمان کورتووڵموش و شاندی یاوەری دەچنە لای مورات زۆرڵوئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد و پێکەوە کۆدەبنەوە.
دواتر کۆمیسیۆنەکە دەچێتە لای سەرا بوجاک و دۆغان هاتوون، هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانیی ئامەد و کۆدەبنەوە.
ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە بۆ نوێژی هەینی دەچنە مزگەوتی گەورەی ئامەد لە ناوچەی سووری ئامەد و لەوێ نوێژی هەینی دەکەن.
دواتر ئەندامانی کۆمیسیۆن بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا دەکەن کە لەلایەن پارێزگای ئامەدەوە رێکدەخرێ، لەوێ گوێ لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ریشسپییان دەگرن و بۆچوون و پێشنیازەکانیان وەردەگرن.
چاوەڕوان دەکرێ شاندەکە بە بەشداریکردن لە کۆنسێرتی کۆرسی شارستانییەکانی هاتای کە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی رێگەی کولتووردا بەڕێوەدەچێت، بەرنامەکەیان کۆتایی پێبهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ