رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە وڵاتەکەیان دوای ئێران، لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێتە ئامانج، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لە پیشەسازیی بەرگریدا هێندە بە توانا دەبن کە هیچ کەس نەتوانێت بە نیشاندانی هێز، چاویان لێ سووربکاتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی وڵاتەکەی کە ئێوارەی دووشەممە، 16-6-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، باسی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی کرد.
لەکاتێکدا بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتەکەی و بەتایبەتیش ئۆپۆزیسیۆن لەبارەی شەڕەکە دەڵێن، دوای ئێران نۆرەی تورکیا دێت. ئەردۆغان گوتی: "لەم خاڵەی ئێستا پێیگەیشتووین، بەتایبەتی لە بابەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا یەکێک لە وڵاتە پێشەنگەکانی جیهانین. لە بابەتی زرێپۆشدا بووینەتە براندێکی جیهانی. پەنا بەخوا لە ماوەیەکی کورتدا دەبینە خاوەن هێزێکی بەرگریی وەها کە هیچ کەسێک زاتی ئەوە نەکات بە نیشاندانی هێز چاومان لێ سوور بکاتەوە. مەرجی ئەمەش؛ پاراستنی هەلومەرجی سیاسی، بەهێز راگرتنی ئابووریمان، دەستەبەرکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و برەودانە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، تورکیا ئێستا بەرهەمیی خۆماڵیی هەیە و پیشەسازیی بەرگریی تاوەکو دێت زیاتر بەرەوپێش دەبات. ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا فڕۆکە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک، رادار، ژێردەریایی و سیستمی هەواڵنێری دروستدەکات و بەرهەمی خۆماڵی بەکاردەهێنن.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها هەوڵیدا ترس و دڵەوڕاوکێی خەڵک بڕەوێنێتەوە و گوتی: "با هیچ کەسێک گومانی لەمە نەبێت، دەسەڵات و هاوپەیمانییەکەمان، لەم دۆخە تاڵەی پێیدا تێدەپەڕین، گەرەنتیکار و بیمەی داهاتووی تورکیایە. سپاردەی 86 ملیۆن لە دەستێکی ئەمین و لێهاتوودایە. پەنا بەخوا هیچ کەسێک لە بەردەم بونیاتی سەت ساڵەی تورکیا نابێتە ئاستەنگ. هەروەک چۆن هەتا ئەمڕۆ لە چەندین سەختیدا بە رووێکی سپی دەرچووین، پەنا بەخوا ئەمجارەش وڵاتەکەمان لە کاریگەریی نەرێنیی قەیرانەکانی ناوچەکەمان دەپارێزین".
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان تورکیا ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر ئێران تۆمەتبار دەکات و داوا دەکات، دانوستاندنەکانی ئەتۆمیی نێوان واشنتۆن و تاران دریژەیان پێ بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ