پەرلەمانی تورکیا مافی پەرلەمانتاری دەداتەوە گەرگەرلیئۆغڵو

16-07-2021
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی تورکیا بڕیارە ئەمڕۆ هەینی مافی پەرلەمانتاری بە عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو  پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە بداتەوە.   
 
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە ئەمڕۆ هەینی 16ی تەمموزی 2021، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، "بۆ گەڕاندنەوەی مافی پەرلەمانتاریم ئەمڕۆ بڕیاری دادگا دەخوێنرێتەوە. کاژێر 14:30 دوای خوێندنەوەی بڕیارەکە دەگەڕێمەوە بۆ هۆڵی پەرلەمانی تورکیا. کەس بە ناحەق ئەو مافەی پێ زەوت ناکرێ کە گەل پێی داوە، ئەوەی سەرکەوتووە ئیرادەی گەلە".   
 
لە چەند رۆژی رابردوودا بڕیاری دادگای سزا قورسەکانی کۆجائەلی لەبارەی بێتاوانی عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کرا. بە خوێندنەوەی بڕیارەکە لە پەرلەمانی تورکیا جارێکی دیکە مافی پەرلەمانتارێتی بەو پەرلەمانتارەی هەدەپە دەدرێتەوە.  
 
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە رۆژی چوارشەممە 14ی تەمموزی 2021 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی پەرلەمانە. ئومێدەوارم 14 رۆژ دواخستن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەوە زیاتر درێژ نەکرێتەوە و کۆتایی بە زنجیرەی نادادپەروەری دێت".  
 
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو بەرلەوەی لەسەر لیستی هەدەپە لە بازنەی کۆجائەلیی ببێتە پەرلەمانتار، بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا رۆژی 21ی شوباتی 2018 بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و کەجەکە لەلایەن دووەمین دادگای سزا قورسەکانی کۆجائەلی سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکرابوو.
 
ئەم بڕیارەی دادگای کۆجائەلی دوای ئەوەی لەلایەن سێیەمین هۆبەی سزای دادگای هەرێمیی ئیستەنبووڵ بە بڕیارێکی یاسایی گونجاو پەسندکرا، بەمەبەستی تێهەڵچوونەوە رەوانەی دادگای باڵا کرا و  16ەمین هۆبەی سزای دادگای باڵاش بڕیاری 2 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی گەرگەرلیئۆغڵوی پەسندکرد. 
 
رۆژی چوارشەممە 17ی ئاداری 2021 دوای خوێندنەوەی بڕیاری دادگا لە پەرلەمان، پارێزبەندی لەسەر عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو هەڵگیرا و مافی پەرلەمانتاری لێ وەرگیرایەوە. 
 
دوای بڕیارەکە گەرگەرلیئۆغڵو، باڵەخانەی پەرلەمانی جێنەهێشت و لە هۆڵی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان مایەوە. لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماری و بە پاساوی کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێی لێکۆڵینەوە، کاژێر 6:30 خولەکی 21ی ئادار لە پەرلەمان دەستبەسەرکرا و هەمان رۆژ دوای ئەوەی گوتەی لێوەرگیرا، ئازادکرا. دواتر لە 2ی نیسانی 2021 دەستگیرکرا و خرایە زیندانەوە. 
 
پارێزەرانی گەرگەرلیئۆغڵو تانەیان لە بڕیارەکەی دووەمین دادگای سزا قورسەکانی کۆجائەلی دا. 
 
دادگای دەستووریی تورکیا رۆژی 1ی تەمموزی 2021 بریارەکەی 2 یەمین دادگای سزا قورسەکانی کۆجائەلی  بە پێشێلکردنی ماف و ئازادیی تاک ناوبرد و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەی دەرکرد، بەڵام هەمان رۆژ گەرگەرلیئۆغڵو ئازاد نەکرا. 
 
دوای ئەوەی دووەمین دادگای سزا قورسەکانی کۆجائەلی بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای دەستوور، بڕیاری ئازادکردنی دەرکرد، عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو رۆژی 6ی تەمموز لە گرتووخانەی سینجانی ئەنقەرە هاتەدەرەوە.  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە