فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی: تورکیا هەڵمەتی دەستگیرکردنی کۆچبەرانی دەستپێکردووە

16-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا رایگەیاند، ئەو وڵاتە هەڵمەتێکی بۆ دەستگیرکردن و ناردنەوەی کۆچبەران دەستپێکردووە. دەشڵێت، تەنیا لە شاری ئیستەنبووڵ نزیکەی 500 پەنابەر دەستگیر کراون، زۆرینەیان خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستانن.
 
رۆژی یەکشەممە 16-07-2023 هیوا خدر، نوێنەری فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی هەفتەیەک دەبێت تورکیا دەستی بە هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی کۆچبەران کردووە، بەتایبەت لە شاری ئیستەنبووڵ، پڕۆسەکە چوار مانگ دەخایێنێت و مەبەست لێی ناردنەوەی ئەو کەسانەیە کە بەڵگەنامەی پەنابەرێتییان نەبێت و بە شێوەیەکی نایاسایی چووبێتە تورکیا."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی نوێنەری فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا، ئەو کۆچبەرانە دوای دەستگیرکردنیان بۆ پشکنینی پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن و دواتر رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەران دەکرێن و لە ناوەندەکانی دیپۆرتكردنەوە رادەگیرێن، تاوەکو مامەڵەی ناردنەوەیان بۆ دەکرێت.
 
هیوا خدر گوتیشی، "تائێستا هەزاران کۆچبەر دەستگیرکراون و بەپێی زانیارییەکان رۆژانە تەنیا لە ئیستەنبووڵ 500 کەس دەستگیر دەکرێن." ئاماژەی بەوەش کرد، دیپۆرتکردنەوەکە تەنیا کۆچبەران ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو گەشتیارانەش دەگرێتەوە کە بە ڤیزای گەشتیاری چوون و ماوەی ڤیزاکانیان بەسەرچووە، هەروەها ئەوانەیش کە مافی مانەوەکانیان بەسەرچووە."
 
بە گوتەی هیوا خدر، زۆرترینی ئەو کۆچبەرانەی کە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی و مافی مانەوەیان نییە، سووریایین، دوای ئەوانیش خەڵکی ئەفغانستان دێن.
 
نوێنەری فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی داوا لە کۆچبەران دەکات خۆیان لە کێشە بەدووربگرن و بۆ نزیکترین شوێن بڕۆن بۆ ئەوەی پێناسی پەنابەرێتی دەربهێنن و بەبێ مۆڵەت سەردانی شارەکان نەکەن، بۆئەوەی رووبەڕووی دەستگیرکردن نەبنەوە.
 
هەروەها داوا لە گەشتیاران و ئەو کەسانەش دەکات کە لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بە مەبەستی گەشتیاری سەردانی تورکیا دەکەن، پێش تەواوبوونی ڤیزا و مافی مانەوەیان، بگەڕێنەوە یان بەڵگەنامەکانیان نوێبکەنەوە بۆئەوەی تووشی کێشە نەبن.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، بەنیازن لە قۆناخی یەکەمدا یەک ملیۆن سووری رەوانەی ئەو ناوچانە بکرێنەوە کە ئازادکراون و لەژێر دەسەڵاتی سوپای تورکیادان، واتا ئەو پەنابەرە سوورییانەی بەئارەزوومەندانەی خۆیان داوای گەڕانەوە بۆ سووریا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە