رووداو دیجیتاڵ
دارستانێکی سنووری شارۆچکەی بەلەن لە پارێزگای هاتای تورکیا لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 16-7-2023-وە دەسووتێت و سەرەڕای هەوڵی تیمەکان، ئاگرەکە لە گەورەبووندایە.
دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە دارستانەکە و لە رێگەی هێلیکۆپتەر و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام کاژێر دوای کاژێر ئاگرەکە گەورەتر دەبێت.
مستەفا ماساتڵی، پارێزگاری هاتای رایگەیاند، ئاگرەکە بووەتە هەڕەشە و داوای لە شارەوانیی پارێزگاکانی دراوسێی کرد تیمی پشتیوانییان بۆ بنێرن. ئەمە لەکاتێکدایە، وەکو رێو شوێنی پێویست، بەشێک لە دانیشتووانی نزیک دارستانە سووتاوەکان، بۆ شوێنی دوورتر و سەلامەت گوێزرانەوە.
ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا کاژێر 16.00ی ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، تا ئێستا 200 هەزار دۆنم بە تەواوی سووتاوە؛ باسی لەوەشکرد کە ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەیکەن.
بەهۆی ئەوەی ساڵی 2021 رووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا سووتان، حکومەت بودجەی پاراستنی دارستانەکانی زیادکرد.
ساڵی 2021 ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە و لە ئەنجامدا 178 هەزار هێکتار دارستان و پاوان سووتا و هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەس بریندار بوون.
بۆ بەرگرتن لە رووداوەکانی سووتانی دارستانەکان، حکومەت لە بودجەی دارایی گشتیی 2022دا بودجەی دارستانەکانی بە رێژەی 56% زیادکرد. ساڵی رابردوو، بودجەی پاراستنی دارستانەکان 457 ملیۆن و 480 هەزار دۆلار بوو؛ ئەمساڵ بە 568 ملیۆن و 755 هەزار دۆلار پەسند کرا؛ هەروەها پێنج هەزار کارمەند و پاسەوانیش دامەزران کە راستەوخۆ سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ