هەدەپە لە وەڵامی ئیمامئۆغڵو: نابێت دوو جار بە هەمان ئاو خۆمان بشۆین

16-08-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمیرعەلی تورکمەن، یاریدەدەری هاوسەرۆکی هەدەپە و بەرپرسی لیژنەی کاروباری هەڵبژاردنی پارتەکە لە وەڵامی بانگهێشتەکەی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، هەڵەیە ئێستا باس لە هاوپەیمانی بکرێت و نابێت هەنگاوێک دووجار بنرێت، ئەگەر ئەوەی یەکەمیان سەرکەوتوو نەبوو. 
 
دوای ئەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە سەر بە پارتی گەلی کۆماری - جەهەپەیە، رۆژی سێشەممە 15-8-2023 لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا باسی لە ئامادەکاریی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کرد و بانگهێشتی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای بۆ هاوپەیمانی کرد، هەدەپە وەڵامی دایەوە. 
 
ئەمیرعەلی تورکمەن، یاریدەدەری هاوسەرۆکی هەدەپە و بەرپرسی لیژنەی کاروباری هەڵبژاردنی پارتەکە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە ئێستاوە قسەکردن لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانی هەڵەیە و گوتی، "هەدەپە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ئەمساڵەوە هەوڵی بەخۆداچوونەیەوەیەکی جیدی دەدات." 
 
ئەمیرعەلی تورکمەن گوتی، هەدەپە جەخت لەسەر ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی لەم قۆناخەدا دەکاتەوە و گوتی، "ئایا هاوپەیمانی دەکەین؟ ئەو هاوپەیمانییە چ جۆرێک دەبێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە لە دوای کۆنگرەی پارتەکەمان دەدرێنەوە." 
 
سەبارەت بەوەی هەدەپە لە چەند هەڵبژاردنی رابردوودا بێ ئەوەی لە نێو هاوپەیمانییەکەدا بێت، لە بەرژەوەندیی جەهەپە دەنگی داوە، تورکمەن گوتی، "ئەگەر سەیری هەڵبژاردنەکانی رابردوو و سیاسەتی هەدەپە بکەین، بێگومان ئەم گوتەیە دێتە پێشەوە کە دەڵێت: ئایا دەکرێت لە هەمان ئاودا دوو جار خۆمان بشۆین؟" و وەڵامەکەیشی بۆ پرسیارەکە "نەخێر" بوو. 
 
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی 44.33٪ و جەهەپە 30.12٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە و ئیی پارتی) کرد کە بەو پشتیوانییە هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە، مێرسین، ئەنتاڵیا، کڕشەهیر، ئارتڤین، ئەردەخان، بۆڵو و چەند شوێنێکی دیکەی گرنگی لەدەستدا.
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بوو بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، بە پشتیوانیی جەماوەری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رۆژی 31ـی ئاداری 2019دا سەرکەوتنی بەسەر بینالی یڵدرم، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بەدەستهێنا. بەڵام بەبڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بە بیانووی بوونی ساختەکاری دووبارە کرایەوە. ئیمامئۆغڵو رۆژی 23ـی حوزەیرانی 2019، بە بەدەستهێنانی 806 هەزار و 426 دەنگ، لە بینالی یڵدرمی رکابەری بردەوە و لە ماوەی سێ مانگدا بۆ دووەمجار وەک سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو