رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە 16-09-2023 بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ ئەمریکا و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی خولی 78مینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک رایگەیاند، لە بڕیاردان سەبارەت بە ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ، پێش پەرلەمانی وڵاتەکەی ناکەوێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها باسی پرسی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپای کرد و ئاماژەی بەوە دا، هەوڵێک هەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە تورکیا، "هەڵسەنگاندن بۆ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە دەکەین. دوای ئەوە ئەگەر پێویست بێت رێگەی خۆمان لە یەکێتیی ئەوروپا جیا دەکەینەوە."
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "رۆژئاوا، زوو زوو دەڵێت؛ سوێد، سوێد، سوێد! ئێمەش دەڵێین، بەر لە بڕیاری پەرلەمان، رێگەی تێناچێت ئێمە بڵێین (بەڵێ) یانیش (نەخێر)..! سەرەتا پێویستە سوێد ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات. ئایا ئێستا سوێد ئەمە دەکات؟ سوێد یاسا ئامادە دەکات. ئامادەکردنی یاسا بەس نییە. بەڵکو پێویستە جێبەجێی بکەن."
ئەردۆغان گوتیشی، "ئێستا سوێد چ دەستوور و چ یاسا، هەرچ گۆڕانکارییەک دەکات با بیکات. بەڵام ئەگەر تیرۆرستان لەژێر پارێزبەندیی پۆلیسی سوێد بۆ خۆپێشاندەکان بگوازێتەوە، کەواتە بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە. مانای وایە چالاکییە تیرۆرستییەکان لە شەقامەکانی ستۆکهۆڵم بەردەوامن. کەواتە ئەو بەڵینانەی بە ئێمە دراون، نابرێنەسەر. کەوایە با هەمووان رێز لەو هەڵوێستە بگرن کە پەرلەمان نیشانی دەدات."
رۆژی 28-06-2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ ساولی نینیستۆ سەرۆکی فینلاند؛ ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی سوێد و یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لەبارەی پرسی بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەر چوار لایەن لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن. تورکیا بە مەرج، هەڵوێستی ئەرێنیی بەرامبەر بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ نیشاندا، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەڵوێستی سوێد رازی نییە و پێیوایە ستۆکهۆڵم وەڵامی داواکارییەکانی ئەنقەرەی نەداوەتەوە و چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لەو وڵاتەدا بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ