ئەردۆغان پەیامی بۆ هەسەدە هەیە

16-09-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت و یەکێتی، یەکگرتوویی و برایەتیمان بەهێز دەکات." هاوکات چەند پەیامێکیشی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە نارد، گوتیشی، "کاتێک دەتوانین پێکەوە لە ئاشتیدا براوە بین، بۆچی بە شەڕکردن بیدۆڕێنین؟"
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای بەشداریکردنی لە لووتکەی دەوحە لە قەتەر، رۆژی سێشەممە 16-9-2025 گەڕایەوە تورکیا و لە نێو فڕۆکەدا وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
یەکێک لە پرسیارەکان لەبارەی چۆنێتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چارەسەری بوو، بەتایبەتی لە کاتێکدا باسی جۆرێک لە پەککەوتن دەکرێت.
 
ئەردۆغان گوتی، پرۆسەی چارەسەری بەگوێرەی ئەو ئامانجەی بۆی دیاریکراوە بەردەوامە، "لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، روونترین بەڵگەیە کە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر تەنیا لەسەر بنەمای ئاسایش نا، بەڵکو لەسەر بنەمای رەوایی دیموکراسیش بەڕێوەدەچێت. ئەم پرۆسەیە بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت و یەکێتی، یەکگرتوویی و برایەتیمان بەهێز دەکات."
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە دروستبوونی ئاستەنگ دەکەن، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "ئەگەر گیای زیانبەخش بژار نەکرێت، بەرهەمی پرۆسەکە لاواز دەبێت و کاریگەریی کەم دەبێتەوە."
 
گوتیشی، "باوەڕم وایە یەکێتی و یەکگرتووییمان ئەو گیا زیانبەخشانە لە بنجەوە دەردەهێنێت و بە گەیشتنی پرۆسەکە بە ئامانجی خۆی، وڵاتەکەمان زیاتر بەهێز دەبێت."
 
تەوەرێکی دیکەی باسەکەی ئەردۆغان، هەوڵ و کۆششی ئاکپارتی بوو لەو لیژنەیەی تایبەت بە پرۆسەکە پێکهێندراوە و گوتی، "لە هەموو هەنگاوێکماندا بە وردی بەدواداچوون دەکەین. هاوڕێکانمان لەنێو کۆمیسیۆنەکەدا زۆر بە هەستیارییەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن. پشتگیری و نزای خێری گەلەکەمان گەورەترین مسۆگەرکارە. بەو پشتگیرییە گەورەیە توانیمان ئەو پیلانانە لەبارببەین کە دژی وڵاتەکەمان دانرابوون. با گەلەکەم بزانێت، ئێمە زۆر بە باشی دەزانین چی دەکەین."
 
بەشێک لە بۆچوونەکان بەلای ئەوەدا دەڕۆن کە پرۆسەی چارەسەری کاتێک دەچێتە سەر بابەتی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا، رووبەڕووی تەنگژە و هەرەس دەبێتەوە.
 
ئەردۆغان لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق رایگەیاند، گەورەترین ئارەزووی ئەنقەرە بەدیهاتنی یەکگرتوویی و ئاشتیی هەمیشەییە لە سووریا، "بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی گەلی سووریا. کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا ئەم بابەتانەمان بە وردی تاوتوێ کرد. پەیامەکانمان سەبارەت بە هێزەکانی سووریای دیموکراتیش روونن. هەوڵەکانی یەکخستنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا. هەندێکجار هاندان بۆ تووندوتیژی روودەدات و هەوڵ دەدرێت سووریا نەبێتەوە یەک دەست و یەک مشت. ئێستا لە سووریا پرۆسەیەکی ئاڵۆز هەیە. ئێمە لێرەدا ناتوانین سووریا بە تەنیا جێبهێڵین. هەر بۆیە هاوڕێیانم، بەتایبەتیش وەزیری دەرەوە و سەرۆکی هەواڵگریم لەگەڵ سووریا لە گفتوگۆیەکی چڕدان."
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەسەر دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە سووریا کردەوە و گوتی، "ئێستا ئیدارەیەک لە سووریا لەسەر کارە کە گرنگی بە لەخۆگرتنی هەمووان دەدات. ئەمە هاوکێشەکانی لە سووریا گۆڕیوە، بەڵام هەندێک لایەن ناتوانن ئەمە قبووڵ بکەن. بۆ هەمووان باشترین، ژیرانەترین و گونجاوترین رێگە بۆ دۆخی سووریا ئەوە دەبێت کە بە باشی لەم دۆخە نوێیە تێبگەن و بەگوێرەی ئەو دۆخەش هەنگاو بنێن. ئێستا منیش حەز دەکەم لێتان بپرسم: کاتێک دەتوانین پێکەوە لە ئاشتیدا براوە بین، بۆچی بە شەڕکردن بیدۆڕێنین؟ با هەڵوەستە لەسەر ئەمە بکەین. بەبێ ئەوەی بکەوینە بۆسەی وروژاندنەوە، بەبێ ئەوەی رێگەی هەڵە هەڵبژێرین، بەبێ ئەوەی بکەوینە داوی ئەو کەسانەی لەسەر خوێنی موسڵمانان دەژین، مەرجە پێشبکەوین. ئێمە بەبێ هیچ جیاوازییەک لەگەڵ هەموو سوورییەکانداین. بەتایبەتی، وەزیری دەرەوەم و سەرۆکی هەواڵگریم، گفتوگۆ و پەیوەندییەکی زۆر چڕیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی سووریا هەیە. بەردەوامیش دەبن لەم گفتوگۆیانە. لە کۆتاییدا، هیوادارم سووریا و تەواوی هەرێمەکەمان براوە بێت."
 
رۆژی 01-10-2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا و دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە. 
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 
  
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند: "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
 
رۆژی 11-7-2025 لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان سووتاند.
 
لیژنەیەک بەناوی 'پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی' لە پەرلەمانی تورکیا بۆ راپەڕاندنی کاروباری تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و پێشکێشکردنی پێشنیازە یاسا کارا کراوە. 
 
لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکهاتووە و یەکەمین کۆبوونەوەی کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 5-8-2025 سازکرد. 
 
تاوەکو ئێستا نۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەن و چین و تویژەکان سازکردووە و بەردەوامە لە چالاکی و کۆبوونەوەکانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە