رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، بە بەراورد بە هەمان مانگی پار، فرۆشی خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 6.9٪ زیادیکردووە و 150 هەزار و 657 خانوو و شووقە فرۆشراون.
دامەزراوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2025، ئامارەکانی فرۆشی خانووبەرەی مانگی ئەیلوولی 2025ی بڵاوکردەوە.
بەپێی داتاکان، لە مانگی ئەیلوولدا بە بەراورد بە هەمان مانگی پار، رێژەی فرۆشی خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستان 6.9٪ زیادیکردووە.
ئیستەنبووڵ کە گەورەترین شاری تورکیایە، بە فرۆشتنی 24 هەزار و 119 خانوو و شووقە لە پلەی یەکەمدایە. دوای ئەویش ئەنقەرەی پایتەخت بە فرۆشتنی 13 هەزار و 417 خانوو و شوقە لە پلەی دووەم و ئیزمیریش بە فرۆشتنی هەشت هەزار و 544 خانوو و شوقە لە پلەی سێیەمدایە.
بەپێی ئامارەکان، کەمترین خانووبەرە لە پارێزگای ئەردەخانی باکووری کوردستان فرۆشراون کە ژمارەیان 70 خانوو و شوقەیە. دوای ئەردەخان، پارێزگای بایبورت ـی تورکیا بە 117 خانوو و شوقە لە پلەی دووەم و دێرسم ـی باکووری کوردستان بە فرۆشتنی 142 خانوو و شوقە لە پلەی سێیەمدایە.
رێژەی ئەو خانوو و شوقانەی بە بیانییەکان فرۆشراون لە مانگی ئەیلوولدا بە بەراورد بە هەمان مانگی پار 7.7٪ کەمیکردووە و بۆ هەزار و 867 خانوو و شوقە دابەزیوە.
بیانییەکان زۆرترین خانوو و شوقەیان لە ئیستەنبووڵ، ئانتاڵیا و مێرسین ـی تورکیا کڕیوە. لە ئیستەنبووڵ 744، لە ئانتالیا 557 و لە مێرسین 124 خانوو و شوقەیان کڕیوە.
هاووڵاتییانی رووسیا بە کڕینی 267 خانوو و شووقە لە پلەی یەکەم، هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە کڕینی 202 خانوو و شووقە لە پلەی دووەم و هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە کڕینی 146 خانوو و شووقە لە پلەی سێیەمدان.
زۆربەی بیانییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیا خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکڕن. هەر بیانییەک 400 هەزار دۆلار لە تورکیا وەبەرهێنان بکات یان موڵکێک بکڕێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ نەیفرۆشێت مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیای هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ