رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان، خانوو و یەکەی نیشتەجێبوونی بەسەر زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە دابەشکرد و لە گوتارێکیدا رەخنەی لە جەهەپە گرت و گوتی، لەکاتی بوومەلەرزەدا بەدوای دەستکەوتی سیاسییەوە بوون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە 15-11-2025 لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان کۆبوونەوەی جەماوەریی سازکرد و گوتاری پێشکێشکرد.
ئەردۆغان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشک و دابەشکردنی کلیلی 350 هەزارەمین خانوو بەسەر زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە و کردنەوەی چەند پرۆژەیەک سەردانی پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستانی کرد.
ئەردۆغان لە گوتارێکدا رایگەیاند، لە ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو دابەشکردنی خانوو و بنیاتنانەوەی شارەکان بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەدا، لە دوو ساڵی بوومەلەرزەکەوە، تەنیا لە سەمسوور 38 هەزار و 157 خانوو و شوێنی کار رادەستی زیانبەرکەوتووان کراون و گوتی: "دووەم گەورەترین ناوچەی بیناسازیی تورکیا لەم پارێزگایە دروستکراوە. لە ناوچەی ئیندەرە لەسەر رووبەری 5 ملیۆن مەتر چوارگۆشە 16 هەزار خانوو تەواوکراون و نزیکەی 100 هەزار کەس لە ماڵە نوێیەکانیاندا بە سەلامەتی و ئارامی دەژین".
"لە 11 پارێزگا 350 هەزار و 178 یەکەی سەربەخۆ رادەستکران"
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، جگە لە سەمسوور، 45 هەزار و 342 خانووی دیکە دابەشکراون، کە بریتین لە 21 هەزار و 760 لە مەلەتی، 11 هەزار و 320 لە هاتای، 6 هەزار و 523 لە مەرەش، 3 هەزار و 834 لە دیلۆک، 644 لە رووها، 354 لە خارپێت، 214 لە عوسمانییە، 97 لە دێرسیم، 79 لە سێواز، 62 لە چەولیگ، 50 لە ئامەد، 15 لە کایسەری و 14 لە ئەدەنە.
رایگەیاند، لە 11 پارێزگای ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو 350 هەزار و 178 یەکەی نیشتەجێبوون رادەستی خاوەن ماڵەکان کراون.
ئەردۆغان لە بابەتی بوومەلەرزە دا رەخنەی لە جەهەپە گرت
سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 6-2-2023ی وەبیرهێنایەوە کە دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.6 و 7.7 پلەی رێختەر 11 پارێزگایان هەژاند و گوتی: "ئێمە وەک گەل و دەوڵەت، تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەختمان بینی. سوپاس بۆ خوا، شان بە شانی یەکدی توانیمان بە سەر بارێکی سەختی وەهادا زاڵ بین. کەم گەل لە جیهاندا دەتوانێت ئەم بارە هەڵبگرێت".
لەو بابەتەدا ئەردۆغان رەخنەی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت و گوتی: "لەو تاقیکردنەوەیەدا هەمووان دەرنەچوون. کەسانێکی بێویژدان لەو کاتەی خەڵک لە کێشەدا بوو، بیریان لە دەستکەوتی سیاسی دەکردەوە. کاتێک دەوڵەتەکەمان هەموو توانا و خزمەتگوزارییەکانی خۆی بەگەڕ خستبوو، هەندێک کەس برینداربووانی بوومەلەرزەیان لە دژی دەوڵەت دەوروژاند".
ئەردۆغان: 45 هەزار و 342 یەکە و خانووی دیکە رادەست دەکەین
سەرۆککۆماری تورکیا بە ئامادەبووانی راگەیاند، نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون بەردەوام دەبن و گوتی: "لە لایەکەوە برا و خوشکەکانمان دەگەیێنینە ماڵی نوێی خۆیان. لە لایەکی دیکەوە هەموو شارە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە سەر لەنوێ نۆژەن دەکەینەوە".
لە سەمسوور بە ئامادەبوونی ئەردۆغان کلیلی 350 هەزارەمین خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون رادەست کرا.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەیلوولی ئەم ساڵ لە پارێزگای مەڵەتی، کلیلی 304 هەزارەمین خانوو رادەست کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ