هاکان فیدان: ترەمپ بەڵێنی هەڵگرتنی سزاکانی کاتسای داوە

16-11-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە سزاکانی کاتسا "بابەتێکە نابێت لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبێت" و فەرمانی هەڵگرتنیانی داوە.
 
هاکان فیدان، شەوی شەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا باسی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی داوە سزاکانی کاتسا لەسەر تورکیا هەڵبگرێت. 
 
فیدان، لە وەڵامی پرسیارەکاندا سەبارەت بە گرفتی فڕۆکەی F-35 لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی 25ـی ئەیلوولی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، وەرچەرخانێکی گرنگ روویداوە.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، ترەمپ رایگەیاندووە، سزاکانی کاتسا "بابەتێکە کە نابێت لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبێت" و فەرمانی هەڵگرتنی کردووە و گوتی: "رۆژی 25ـی ئەیلوول کاتێک بەڕێز سەرۆککۆمارمان لەگەڵ بەڕێز ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە، بەڕێز ترەمپ ئیرادەیەکی نیشاندا. لەبەر رێز و متمانەی بە سەرۆککۆمارمان، بێ هیچ بیرکردنەوەیەک گوتی 'ئەم کاتسایە شتێکە نابێت لەنێوانماندا هەبێت. پێویستە هەڵیبگرین'. فەرمانیشی بە بیرۆکراسییەکەی خۆی کرد". 
 
فیدان گوتی، "لێرەدا کێشەیەکمان هەیە. وەکو دەزانن کاتسا ياسایەکە لە کۆنگرێسەوە تێپەڕێندراوە. کاتێک من جار جار لەگەڵ هاوپیشەکەم مارکۆ رۆبیۆ قسە دەکەم، ئەو دەڵێت؛ 'من سیناتۆر بووم، لە لایەنی ياسادانان بووم. ئێستا بوومەتە جێبەجێکار و هاتوومەتە نێو  ئیدارە. من وەزیری دەرەوەم. سەرۆک فەرمانێکی پێکردووم، دەڵێت 'ئەمە جێبەجێ بکەن'. منیش ئێستا دەگەڕێمەوە و سەیری دەقەکە دەکەم. دەقێکمان نووسیوە بۆ ئەوەی ئیدارە نەتوانێت هیچ بجووڵێت". 
 
فیدان ئاماژەی بەوەدا، لە دیموکراسییەکاندا چارەسەرەکان کۆتاییان نایەت، تاوەکو نیاز پاک بێت لە پەیوەندییەکانیاندا گەڕان بەدوای چارەسەردا کۆتایی نایەت و گوتی: "گرنگ ئەوەیە: ئەمریکا بە پێچەوانەی بایدنەوە، نیازی چارەسەرکردنی هەیە. فەرمانێک هەیە کە بەڕێز ترەمپ لەم بارەیەوە داویەتی، ئیرادەیەک هەیە کە نیشانیداوە. بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکرێت. ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەکەین. ئینشائەڵڵا لە نزیکترین کاتدا چارەسەری دەکەین."
 
ئەمریکا لە 14ـی کانوونی یەکەمی 2020 لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ دا، بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگری ئێس 400ـی رووسی و لەسەر داوای کۆنگرێس، بریاریدا یاسای کاتسا بەرامبەر بە تورکیا بەکاربهێنێ و بە فەرمی سزای بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی و سەرۆکی کەرتی پیشەسازیی بەرگریی ئەو وڵاتە سەپاند و لە 7ـی نیسانی 2021 سزاکانی لە بەرامبەر تورکیا خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
یەکەمجاربوو ئەمریکا یاسای کاتسای لەبەرامبەر وڵاتێکی هاوپەیمانی خۆی بەکارهێنا. 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2020 رایگەیاند، بەگوێرەی یاسای کاتسا کە "یاسای بەرەنگاربوونەوەی دژایەتیکردنی ئەمریکایە لە رێگەی سەپاندنی سزاوە"، هەریەک لە ئیسماعیل دەمیر، سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگریی، فاروق یغیت، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگریی، سەرهات گەنچئۆغڵو سەرۆکی فەرمانگەی بەرگریی ئاسمانیی و بۆشایی ئاسمان و مستەفا ئاڵپەر دەنیز، بەڕێوەبەری گرووپی فەرمانگەی بەرگریی ئاسمانیی و بۆشایی ئاسمان خراونەتە نێو لیستی سزاکان. 
 
لە نێوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی 2020 یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێكی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامانجی سزاکانیان لە دژی تورکیا چاککردنەوەی رێچکەی هاوپەیمانییەکەیانە لەگەڵ تورکیا و بەهێزکردنیەتی نەک بە پێچەوانەوە.
 
سەپاندنی سزاکان لە تورکیا کاردانەوەی زۆری بەدواداهات. سەرۆککۆماری تورکیا سەپاندنی سزاکانی وەک هەوڵێك بۆ رێگریکردن لە گەشەسەندنی کەرتی پیشەسازی بەرگریی وڵاتەکەی شرۆڤە کرد. 
 
تورکیا سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا و ناتۆ، سووربوو لەسەر کڕینی سیستمی بەرگریی S-400 ی رووسی. لە هاوینی 2019 سیستمەکە گەیشتە تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020  تاقیکرایەوە.
 
تورکیا یەكێکە لەو وڵاتانەی ناتۆ، کە بەشدارە لە دروستکردنی هەندێ پارچەی تایبەت بە فڕۆکەی جەنگی F-35ی ئەمریکی، بەڵام لە 23ـی ئەیلوولی 2020 ـەوە بەهۆی کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس400 ـی رووسی، لە بەرنامەکە دەرهێنراوە. 
 
ئەنقەرە 100 فرۆکەی F-35ی لە ئەمریکا داواکردووە و رایگەیاندووە، لە رێککەوتنی تایبەت بە کڕینی فڕۆکەی F-35 بڕی 1.4 ملیار دۆلاری داوەتە ئەمریکا و ئیدارەی بایدن دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەوەی لەبری ئەو پارەیە، فڕۆکەی F-16 بداتە تورکیا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمە رەتدەکاتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە