هاکان فیدان: چاوەڕێین کۆبوونەوەکانی شام و یەپەگە بگەنە خاڵێکی دیاریکراو

16-11-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، یەپەگە یەکێکە لە تەوەرە گرنگەکانی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا و دەڵێ، رەوتی دانوستاندنەکانی نێوان یەپەگە و شام گرنگە. چاوەڕێن ئەو کۆبوونەوانەی شام لەگەڵ یەپەگە دەیکات، بگەنە خاڵێکی دیاریکراو. 
 
هاکان فیدان، شەوی شەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی بابەتی کۆبوونەوەکانی نێوان یەپەگە و شام گوتی: "رەوتی کۆبوونەوەکانی نێوان یەپەگە و شام گرنگە. ئەو کۆبوونەوانە ماوەیەک بوو وەستابوون، بەتایبەتی دوای دەستوەردانی ئیسرائیل لە باشوور و بەهۆی هەندێک رووداوی دیکەی ناوچەکەوە."
 
هاکان فیدان رایگەیاند، چاوەڕێن ئەو کۆبوونەوانەی شام لەگەڵ یەپەگە بەڕێوەی دەبات بگەنە خاڵێکی دیاریکراو و گوتی: "هەندێک دانوستاندن هەن بەڕێوەدەچن، هەندێک کۆبوونەوە هەن لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکرێن، هەندێک کۆبوونەوەش هەن ئێمە دەیکەین. کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەمانە لە خاڵێکدا بگەنە شوێنێک."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە 'هەڕەشەی ئیسرائیل لە سووریا' کرد و گوتی: "ئێستا یەکەم و گەورەترین کێشەی ئێمە و ئەمریکییەکان ئەوەیە، دڵنیابینەوە ئیسرائیل نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سووریا و سووریاش نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و هەموو لایەک گرنگی بە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی یەکدی بدەن. ئێستا بەشێک لە خاکی سووریا لەژێر داگیرکاریدایە، پێویستە ئەو داگیرکارییە کۆتایی بێت و نابێت هەڵوێستێکیش هەبێت کە هەڕەشە لە بەشەکەی دیکەی سووریا بکات. زۆر گرنگە ئەمریکا پاڵپشتیی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لە سووریا بکات."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە