رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا هۆشداریی دایە یەپەگە و رایگەیاند، "ئەم ئاڵۆزییەی ئێستا وەکو دەرفەتێک بەکار نەهێنن بۆ ئەوەی ناسەقامگیریی نوێ دروست بکەن. هەر هەنگاوێکی هەڵە لەم قۆناخەدا مەترسیی گەورەی لێ دەکەوێتەوە."
هاکان فیدان رۆژی چوارشەممە 17 ـی تەمموزی 2025 لە ماڵی تورک لە نیویۆرک، کە بۆ کۆبوونەوەیەکی نافەرمی تایبەت بە قوبرس سەردانی کردبوو، لێدوانی گرنگی دا.
فیدان هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا و پیشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
ئاماژەی بەوەدا ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە سیاسەتی ناسەقامگیری لە ناوچەکە پەیڕەو دەکات و گوتی: "ئێمە زنجیرەیەک دەبینین کە لە غەززە دەستی پێ کردووە و بۆ کەناری رۆژئاوا درێژ دەبێتەوە، لوبنان، ئێران و ئێستاش سووریا. ئێمە ناتوانین چاوپۆشی لەم رەفتارە شەڕانگێزە یەکلایەنەیە بکەین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا، جەختی لە پێشهاتەکانی باشووری سووریا کردەوە و رایگەیاند، زانیارییان بەدەست گەیشتووە کە یەپەگە لە ناوچەکە دەستی بە جموجۆڵ کردووە.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد، "زانیاری بەدەست دەگات کە یەپەگە لە جموجۆڵدایە. پەیامی ئێمە روونە: هەوڵدان بۆ سوود وەرگرتن لە ئاڵۆزییەکانی ئێستا کێشەی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە. پرۆسەکە هەستیار و لاوازە؛ پێویستە لەم قۆناخەدا هەموو کەس هەڵوێستێکی بنیاتنەرانە نیشان بدات."
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەردۆغان ئاگادار کراوەتەوە و ئەوان بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا لەگەڵ ئوردن، سعودیە و ئەمریکا بە هەماهەنگی کار دەکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد کە ئەوان لە پەیوەندیی راستەوخۆدان لەگەڵ تۆم باراک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان ئەوەیە ئارامی لە ناوچەکەدا بپارێزن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ